گوتاری (گفتمان Discourse) رۆژهەڵاتناسی
زاراوە، رەوڕەوەی مێژوویی
ئەفراسیاب گرامی
دەلاقە:
قۆناخی نوێی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئەوڕۆكەی رۆژهەڵاتناسی، بۆتە مژاری كۆڕو كۆمەڵە جیهانییەكان، چ لە ئاستی سیاسی ـ ئابووریو چ لە ئاستی فەرهەنگی ـ شارستانییەتدا، دیاردەیەكی نوێو تێڕامانێكی نوێ لە هەمبەر رۆژهەڵاتەوە پێناسە دەكرێ. بەسەرنجدان لە گۆڕانكارییەكانی جیهان لە پانتایی نێونەتەوەییداو رووبەڕووبوونەوەی رۆژهەڵاتناسی لەگەڵ رەوتی بەجیهانیبوون یان گلوبالیزم ـ كە وەك پرۆسەیەكی فرە ڕەهەندو فرە چەشن، سنوورە نەتەوەیییەكان دەسڕێتەوەو كۆمەڵگای مرۆڤایەتیی لە گوندێكی جیهانیدا گرێ دەدا ـ رۆژهەڵاتناسیو بنەمافكرییەكانی بە جۆرێك لە جۆرەكان شانبەشانی قۆناخە مێژوویەكان بە تایبەت، لە ئامبازبوونە دەگەڵ مودیرَنیزمو پۆست مودیرَنیزم گەشەی كرد. "ئیدوارد سەعید" پێشەنگو رەخنەگری رۆژهەڵاتناسی مودێڕن، بە نوسینی كتێبی رۆژهەڵاتناسی (orientalism1978)، دەرخەری تێڕامانێكی نوێو جیاواز لە تێڕامانو روانینەكانی رۆژهەڵاتناسانی رۆژئاوایی رێبەرێ دەكرا. لە راستیدا نووسینی كتێبی رۆژهەڵاتناسی، مەبەستێك بوو بۆ وەڵامدانەوە بەو بابەتانەی كە لە لایەن رۆژهەڵاتناسەكانی رۆژئاواییەوە نووسرابوو. سەعید، رەخنەیەكی نوێو روانگەیەكی نوێ بوو لە بەردەرگای رۆژهەڵاتناسی رۆژئاوایی. وەك خۆی دەڵێ:" رۆژهەڵاتناسی كتێبێكە كە لە هەورازو نشێوەكانو ئاڵۆزییەكانی مێژووی هاوچەرخ گرێدراوەو یەكەمین لاپەڕەی بە موسیقای لە شەڕی نێوخۆی لوبنان لە ساڵی 1975 دەست پێدەكا كە لە ساڵی 1990 كۆتایی پێهاتو بەڵام توندوتیژیو خوێنڕێژی تا ئێستا درێژەی هەیە"1.
ئەگەر لاپەڕەكانی مێژووی كۆنو هاوچەرخ بدەینەوە، شایەتی گەلێك دیاردەی جۆراوجۆر دەبین كە لە مێژووی رۆژهەڵاتو رۆژئاوادا كاریگەری هەبووە، رووداوە مێژووییەكان، هێرشو سەرهەڵدانی ئایینەكان، شەڕی ئایینو هێرشی داگیركەران، ژیانەوەی ئیسلام لە شێوازی بناژۆخوازی (فندەمنتالیزم)، كلونیالیزمو ... هتد تا بە نزیك دوو سەدەی رابردوو كە بە شێوەیەكی بەرین شایەتی كارەساتگەلێكی وەك دووشەڕی جیهانی یەكەمو دووهەم، كۆچی بە كۆمەڵ، هەڵاتنی مێشكەكان، تێكڵاوبوونی رۆژهەڵاتو رۆژئاوا لە لایەن كۆچبەرانەوە، ژیانەوەی ئیسلام لە شێوازی بناژۆخوازی (فندەمنتالیزم)، كێشەی چارەسەر نەكراوی نەتەوەیی چوارپارچەكراوی كوردوكێشەی فەلەستینو ئیسرائیل، شۆڕشی ئیسلامی ئێرانو...هتد كە بووە هۆیی ئەوە كە پرۆسەی رۆژهەڵاتناسی لە لایەن رۆژئاواوە، بكەوێتەگەڕو لە شێوەی ئەنیستیتۆی توێژینەوەكانی رۆژهەڵاتناسی ـ بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناڤین ـ قۆناخێكی نوێو دەروازەیەكی نوێ لە هەمبەر ناسینو شرۆڤەكردنی رۆژهەڵات بكرێتەوە. ئەگەرچی رۆژهەڵاتناسی سەرەتا بە شێوەی سیاحەتنامەو بیرەوەری گەڕیدەكانەوە نوسراوەوو لێكدراوەتەوە، یان مەبەستی داگیركردنو دەستڕاگەیشتن بەسەر رۆژهەڵاتدا بوە. بەڵام لە مێژووی سەدەی رابردوودا، واتە سەدەی بیستەم دەتوانین بڵێین رۆژهەڵاتناسی لە شێوازی سوننەتی دەگوازرێتەوە بۆ شێوازێكی نوێو مودێڕنو هزرێكی ئاوەزمەندانە بە خۆوە دەگرێ. وەك دەبینین لە نێوئاخنی سەدەی بیستەمدا گەلێك تێڕامانی دژ بەیەك لە ئاست جیهاندا هاتە ئاراوە كە بە درووشمگەلێك وەك: كۆتایی مێژوو، پێكدادانی شارستانییەتەكان، كۆتایی فەلسەفە، دووپات بوونەوەی مێژوو، رادیكالیزمی ئیسلامیو تێرۆریزمو...هتد، رۆژهەڵاتناسی وەك پرۆسەیەكی مێژوویی لەمەڕ رۆژهەڵات دەكۆڵێتەوەو رووبەڕووی دیاردەی مودێڕنیزمو ئاڵۆزی دنیای هاوچەرخ دەبێتەوە.
ئەوەی كە لە كۆنەوە هەتا ئێستا بە دیاردەی رۆژهەڵاتناسی دەناسرێ، نەتەنیا وڵاتانی ئاسیایی، بەڵكوو لە شارستانییەتی ئاسیایی دەكۆڵێتەوەو پەل دەهاوێژێتە، وڵاتانی ئەفریقایی بەتایبەت شارستانییەتی میسریش. واتە ئەوەی كە وەك تەوەری سەرەكیی رۆژهەڵاتناسی بێ، ژیاری رۆژهەڵاتییە لە بەرامبەر ژیاری رۆژئاواییدا. بۆ روون كردنەوەو گرنگی ئەم تێگەیشتنە، هێما بۆ لێكدانەوەی ژیارەكان، لە لایەن كارلیاسپرس، بكەین كە شارستانییەتەكانی جیهانی هێڵبەند دەكا: "ژیارەگەورەكانی مێژوویی كە هەتا سەردەمی هاوچەرخ بە شێوەیەكی بەرچاو، بەردەوام سەریان هەڵداوە بە چوار ناوەندی شارستانی گەورە دابەش دەبن"2. كارل یاسپرس، دەڵێ ئەم ژیارانە لە نێوان سەدەی هەشتەم تا پێنجەمی پێش زایین بە ئاستی سەرهەڵدان گەیشتوون كە بریتین لە:
"1ـ شارستانییەتی چینی (كونفوسیوسو لائۆتسۆ)
2ـ شارستانییەتی هێندی (ئووپاشدانو ئاینی بوودا)
3ـ شارستانییەتی ئێرانی (زەردەشت)
4ـ شارستانییەتی یونانی"یەزدانی(رب النوعی) پێش سوقرات)"3
كارلیاسپرس لە لێكدانەیەكی خۆیدا، لە چۆنییەتی گەشەكردنیان دەڵێ:" ئەم چوار سەرچاوە شارستانییەتە، تا سەدەی 16ی زایینی ، لە شێوەگەلی جۆراوجۆر گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووەو درێژەیان بە ژیان داوە"4. لەم رویەوە دەتوانین بڵێین، بە هۆی ئەم تیڕامانەو لێكدانەوەی كارل یاسپرس، ئەوەی كە لە مێژوودا تا دەگاتە ئێستا لە مەڕ رۆژهەڵاتناسییەوە پێناسە كراوە، رۆژهەڵاتناسی دیاردەیەكی شارستانییەتیو ناسینی كولتووری شارستانیەتی بووە. واتە مەبەست لە رۆژهەڵاتناسی، ناسینی جوغرافیایی رۆژهەڵات نەبووە، بەڵكوو تێڕامانێكو تێگەیشتنێك لەمەڕ شارستانییەتی رۆژهەڵات بووە. كارل یاسپرس، چۆنییەتی مانەوەو نۆژەن بوونەوەی ژیارەكان بۆ سەلماندنی لێكدانەوەكەی پێناسە دەكاو دەڵێ: "شارستانییەتی ئێرانی لە سەدەی 7ی زایینی تا سەدەی 16ی زایینی لەژێر پێخەفی شارستانییەتی ئیسلامی خۆی نۆژەن دەكاتەوە، شارستانییەتی یونانی سەرەتا بە ئیمپراتووری رۆمو دوای هەڵوەشاندنەوەی لە سەدەكانی ناڤین، لە لایەكەوە بەشێوەی سیستمی فئوداڵیسالارو لە لایەكی دیكەوە دەزگای پشكنینی بیروڕا( دستگاە تفتیش عقاید)ی كەلیساو دیكتاتۆری ئایینی سەرهەڵدێنێو هەتا دوای سەدەی 16ی زایینیو بە تێپەڕكردنی رێنسانس، سەرلەنوێ دەژییەتەوەو بەرەو فەلسەفەو موڕاڵی یونانی كۆنو هزری مافخوازانەی رۆحی یونانی كۆن دەگەڕێتەوە"5. لە راستیدا بەهێماكردن بۆ ژیارەكان، دەتوانین بە بنەمافكرییەكانی رۆژهەڵاتناسی بگەین. كەواتە لێرەدا پرسیارگەلێك كە لەم پرۆسەیە سەرچاوە دەگرێ كە رۆژهەڵاتناسی ئەركی وەڵامدانەوەی بەو پرسیارانەیە، وەك ئاخێزگەی دابڕانی رۆژهەڵات لە رۆژئاوا چیە؟ چ هۆكارێك، رۆژهەڵات دەكاتە مەملەكەتی خوداكانو رۆژئاوا ناوەندی زانستو لۆژیك؟ چ هۆكارێك رۆژئاوا دەكاتە مەكۆی فەیلەسووفو بیرمەندانو رۆژهەڵات مەكۆی سۆفیو عیرفان؟ چ هۆكارێكە رۆژئاوا دەبێتە چاوگەی تاك تەوەرەیی (فردگرایی یا ایندیودوێلیسم)و رۆژهەڵات تەسەوفو سۆفیگەری؟ چ هۆكارێك رۆژهەڵات دەكاتە ناوەندی مەتافیزیكو خورافە، رۆژئاوا ناوەندی دنیاخوازی(سیكۆلاریزم)؟ ...هتد. لە ئاخێزگەی ئەم پرسیارانەدا كە لە دیاردەی رۆژهەڵاتناسیییەوە سەرچاوە دەگرێ، گوتارێكە كە وەڵامدەرو شرۆڤەوانی ئەم پرسیارانەیە. هەرچەند گوتاری رۆژهەڵاتناسی، لە رەوڕەوەی مێژوودا ئامرازێك بوە بۆ ناسینو رۆژهەڵاتو دەستڕاگەیشتن بەسەر رۆژهەڵات، بەڵام گوتاری رۆژهەڵاتناسی ناسینو شرۆڤەی شارستانیەتی رۆژهەڵاتیە.
ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بە هۆی گرینگییەك كە هەیبووەو هەموو كات داگیركەران لە مێژوودا چاوی تەماحیان هەبووە بۆ ئەم ناوچەیەو لە لایەكی دێكەوە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین پردەبازی پێوەندی نێوان ژیارەكان بووە، واتە پردەبازی نێوان رۆژهەڵاتو رۆژئاواو هەوەها ناوەندی فرە نەتەوەیی، فرە كولتووری، فرە ئایینی،...و چاوگەی پێكدادانە مێژووییەكان بووە، دەتوانیین بڵێین زۆرترین توێژینەوەو لێكۆڵینەوە لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەراست بووەو رۆژهەڵاتناسەكانیش لە هەوڵی ناسینی ئەم ناوچەیە بوون. رۆڵێك كە رۆژهەڵاتناسی لە نووسینو ساخكردنەوەی مێژووی،فەرهەنگی، زمانی،...هتاد، نەتەوەیی كورد هەبووە هەروەها رۆڵی بزووتنەوەی مافخوازانەی نەتەوەیی كورد لەم گوتارەدا لە چ ئاستێك هەڵكەوتووە؟ شارستانییەتی كورد تا چ رادەیەك توانیویەتی لەو نێوەدا مانەوەی خۆییو كاریگەری هەبێ؟
گوتاری رۆژهەڵاتناسی
زاراوەی رۆژهەڵاتناسی، بە عەربی "استشراق"و بە فارسی "خاورشناسی (شرقشناسی)" كە لە وشەی فەڕانسەوی، orientalism "ئۆریانتالیزم" وەرگیراوە، كە لە پێناسەیەكی گشتیدا، دەتوانین بڵێین : زانستێك بۆ لێكۆڵێنەوەو شرۆڤەكردنی هەمووبوارەكانی كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی. پێشینەی ئەم پرۆسەیە، پێشینەیەكی دورو درێژە، تەمەنێك كە لەنێو هەموو رووداوەكانی مێژووی رۆژئاواو رۆژهەڵاتو گۆڕانكارییەكانیان، هەڵبەزو دابەزێكی زۆری كردوەو ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لە پێڤاژۆی مێژووییدا دەبێتە لانكەی سەرهەڵدانی چەمكی رۆژهەڵاتناسیو پرۆسەیەك بۆ ناسینی رۆژهەڵات. تەعبیرو نوسینەكانی ئەرەستوو لە سەر رۆژهەڵات، لێدوانەكانو بیرەوەرییەكانی هێرۆدۆت (باوكی مێژوو)، گەزنەفۆنو حەكایەتی 10هەزار یۆنانی، سەفەرەكانی ماركۆپۆلۆو هەزاران لە هەزار گەشتیارو سەیاحو مێژوونوسو فەیلەسوف،...دەتوانن بە جۆرێك لە جۆرەكانو شێوەیەكی سوننەتی لە رۆژهەڵاتناسی قەڵەم بدەین. دەتوانین جۆرێك لە رۆژهەڵاتناسی لە هەوێنی بیرەوەریو گێڕانەوەی ئەفسانەكانو رووداوە مێژوویەكان بێت. بەڵام لە هەمان كاتدا بیروڕای خۆیان لەمەڕ رۆژهەڵاتەوە بووە. ئەم رەوتە درێژەی هەبووە تادەكاتە سەدەكانی ناوەڕاستو دەسەڵاتی كەلیساو سەرهەڵدانی دەزگای بنەبەڕكردنی بیروڕا، دواتر شەڕیخاچەكان ـ كە بوو هۆی یەكەمین دابڕانێكی بنەڕەتی رۆژئاواو رۆژهەڵات ـ بە قۆناغێكی نوێ لە ناسینو دەستڕاگەیشتن بەسەر رۆژهەڵاتەوە بووە، بەم شێوەیە سەدەكانی ناوەڕاست لانكی ئەم بیرە، رۆژهەڵاتناسی لەژێرسایەی هزری سەدە ناوەڕاستی بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بەسەر رۆژهەڵات گەشەی كرد. ئیدوارد سەعید لە كتێبە بەناوبانگەكەی خۆیدا سێ قۆناخی سەرەكی بۆ رۆژهەڵاتناسی دابین دەكا،"یەكەم: چاخی كەونارا(باستان)، دووهەم: چاخی ئایینی (مژهبی)و سێهەم: چاخی مودێڕنیزم. هەروەها دەڵێ: رۆژهەڵاتناسی لە واقعییەتەكان سەرچاوە ناگرێو لە بنەڕەتدا لە داوێنی بەربڵاو لە لاروخیچی لە بەلارێدا بردنی مەعریفەت ناسی راوەستاوە"6. رۆژهەڵاتناسی لە درێژەی سێ دەورەی ژیانی خۆیدا بەردەوام لە پێداویستیەكانو ئامرازەكانی لەبەردەستو بارودۆخو هەلومەرجی مێژوویی كەڵكی وەرگرتووەو بە داستان خوێندن، پرۆسەسازی(بەرنامەدارێژەری)، شانۆ نووسی لە بارەی رۆژهەڵاتەوە سەرقاڵ بووە"7. شایانی باسە ئەوەی كە ئەمرۆ وەك رۆژهەڵاتناسی و زانستێك لەمەڕ ژیارەكانی رۆژهەڵاتی دەدوێو سەرەڕای ناسینو لێكدانەوەی روانگەی رۆژئاوای، رۆژهەڵاتناسی بە هۆی فرە رەهەندیو فرەچەشنیو هەوەها ئەو گۆرانكاریانەی كە لە مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی هاتۆتە ئاراوە، ئەویش وەك چەمكێكی سیاسی ـ فەلسەفی كەوتۆتە بەر دیدی رێبازە فكرییەكانی وەك ماركسیزم، لیبڕالیزم، ...هتادو بۆچوونی خۆیان سەبارەت بەم دیاردەیە دەربڕیوەو لە روانگەی هێژموونی خۆیانەوە سەیری ئەم دیاردەیانە كردوە،" لە روانگەی ئیدوارد سەعیدەوە رۆژهەڵاتناسی لە ژێركاریگەریو لایەنگری لە ئیمپریالیزم ، خەیاڵگەایی، مێژووخوازی، پۆزیتویسم (اپبات گرایی)، داروینگەرایی، نەژادپەرستی، فرۆیدگەرایی، ماركسیزمو ئیشلینگر گەرایی بووە"8. شایانی باسە رۆژهەڵاتناسی وەك ئەوەی زانستێكە، وەك رێبازێكی ئاوەزمەند ئەوڕۆكە لە نێو كۆڕوكۆمەڵە نێونەتەوەیییەكاندا جیاوازی بیروبۆچوونو روانگەی جیاوازی تێدا بەدی دەكرێ. گەڵێك جاریش رۆژهەڵاتناسی، باری ئەرێنیو نەرێنی بەخۆوە دەگرێ.
ئیدوارد سەعید لەو باوەڕەدا بوو كە، رۆژهەڵاتناسی بریتیە لە: جۆرێك شێوازی رۆژئاوا بۆ پێكهێنانی دەسەڵات، نوێ كردنەوەی پێكهاتەی رۆژئاوا، بوونی خاوەن هێژموونو دەسەڵات بەسەر رۆژهەڵاتدا. لەو رویەوە رۆژهەڵاتناسی رێگەیەكە بۆ پێكدادانی رۆژئاواییەكانو رۆژهەڵاتییەكان، مودێڕنیزاسیون، شێوەیەك پێكدادانی رۆژهەڵاتو جیهانی نوێ. شێوازێك كە لە لایەن رۆژئاواییەكانەوە رۆژهەڵات، دژایەتی لەگەڵ رەوتی بەجیهانیبوونو وجوودناسیو مەعریفەناسیو نێوان كۆَمەلگای نەریتیو كۆمەڵگای مودێڕنەو لەمپەرێكە لەبەرامبەر بنیاتنانی ئەو پێگەیەی كۆمەڵگای مەدەنیو جێگیر بوونی.
لە "فەرهەنگی زانستی سیاسی"دا چەمكی رۆژهەڵاتناسی بەم شێوەیە باسكراوە:
"شێوازێكی رۆژئاوایی بۆ دەستڕاگەیشتن بەسەر رۆژهەڵات یان توێژینەوەیەك لە بارودۆخ، مێژوو، زمان، دابونەریتی نەتەوەكانی رۆژهەڵاتە. رۆژهەڵاتناسی كە حەزی دیتنی رۆژهەڵات لە لایەن گەشتیارو سەوداگەرانی رۆژئاوایی سەرچاوە دەگرێو لەدایك بووی مەبەستە سیاسیو كۆلۆنیالیستی دەوڵەتانی بریتانیا، فەڕانسە، روسیەی تزاری، هولەند، ئۆتریشو ئاڵمان و ...هتاد بووەو بە تایبەت بە هۆیی نوێنەرانی كاروباری دەرەوە پەرەی سەند، ئامرازێك بۆ دەستڕاگەیشتنی ئەو دەوڵەتانە بۆ نەتەوەكانی رۆژهەڵاتی، چەمكێكە كە وەبیرهێنەرەوەی رابردوویەكی تاڵو بەیانكەری خەسارە سیاسیەكانە كە رێگەی ناسینی رۆژهەڵاتەوە بە دەستی رۆژئاواوە لە رۆژهەڵات كەوتووە"9.
روانینو هزری رۆژئاواییەكان بە درێژایی مێژوو بەردەوام سەرنجی بەرەولای "رۆژهەڵات"و رۆژهەڵاتییەكان" بوە. وشەی رۆژهەڵاتناسی لە چەندین روانگەوە دەتوانی وێنا بكرێ، لە روانگەی جوغرافیایییەوە، كە مەبەست لە ناسینی جوغرافیایی ئاسیاو رۆژهەڵاتیناڤینو بە گشتی وڵاتانی جیا لە وڵاتانی ئورووپایی. لە تێڕامانە ئیدۆلۆژییەكان، زۆرتر تێڕامانێكی نێوان ئیسلامو رۆژئاوا (مەسیحییەتو یەهودییەت)و هەروەها تیڕامانەكانی ئیدئۆلۆژیكی بونیادگەریو مودێڕنیتە. لە روانگی سیاسییەوە، رۆژهەڵاتناسی، دیاردەیەكە بۆ ناسینی رۆژهەڵات لە مەترسی دنیایی رۆژئاوا لە بەرامبەر دنیای رۆژهەڵاتیو هەروەها لە روانگەی سیاسەتوانانی رۆژهەڵاتییەوە، رۆژهەڵاتناسی سیاسەتێكە بۆ كەمڕەنگ بوونەوەی ئیسلامو یان سیاسەتیك بۆ كۆلۆنیالیزمێكی نوێ. مانای رۆژهەڵاتناسی لە تیڕامانە ئاكادمیكو زانستیدا: بریتیە لە توێژینەوەیەك لەسەر رۆژهەڵاتو هەڤپەیڤینێك لەسەر رۆژهەڵات. رۆژهەڵاتناسی لەسەر رۆژهەڵات دەكۆڵێتەوەو پێناسەی دەكاو دەیخاتە بەر تیڕامانە فكرییەكانی خۆیەوە. لە مانایەكی بەربڵاوتردا، رێبازێكە كە رۆژهەڵات لە رۆژئاوا جیادەكاتەوەو بە شێوەیەكی بناغەیی تێڕامانەكان لەسەر رۆژهەڵات تاووتوێ دەكاو لە واقێعدا رۆژهەڵاتناسی ئیرادەیەكە لەمەڕ شوناسی رۆژهەڵاتیو كەڵكەڵەی كولتوورەكانی رۆژهەڵاتی.
ئەگەر رۆژهەڵاتناسی، بە واتا گشتییەكەی پێناسە بكەین توێژینەوەو ناسینو لێكۆڵینەوەی تەواوی زانستەكانی رۆژهەڵات. كولتوور، مێژوو، زمان، ئابووریو...و هەموو بوارەكانی، ئانترۆپۆلۆژی (ئینسان ناسی)، سایكۆلۆژی (دەرون ناسی)، سۆسیۆلۆژی (كۆمەڵناسی)، میتۆلۆژی (ئوستوورەناسی)، ئاركیۆلۆژی (كۆنینەناسی)و بە واتایەكی گشتیی ژیارناسی(تمدن شناسی) كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی دەگرێتەوە، كە پێشینەیەكی دێرینو كۆنو تاڕادەیەكی زۆر درێژخایەنی هەیەو دەتوانین رەهەندەكانی ئەم توێژینەوەیە كە لە لایەن رۆژهەڵاتناسەكانەوە هێڵبەندكراوەو ئەوڕۆكە لەژێر ناوی ئەنیستیتۆیی رۆژهەڵاتناسی پەرەی سەندووە، بخەینە بەرباسو شرۆڤەوە.
"عەزیز ئەلعەزەمە" دەڵێ:" رۆژهەڵاتناسی بریتیە لە چوراچێوەیەكی مەعریفی لە پێوەندی رۆژئاوا بە رۆژهەڵاتەوە. هەروەها رۆژئاواو رۆژهەڵات تەنیا دوو چەمكی جوگرافی شارستانی نین لە خاڵێكی دیاریكراودا، بەڵكوو دوو چەمكی خەیاڵینو خراونەتەوە ناو داڕشتەی ئەوەیەكە رۆشنبیریو مێژووی سیاسیە، ئەو لایەنە لە پێوەندی دەسەڵات و دەست ڕاگرتن، كە خۆیی شەقڵی رۆژئاوایی هەیە لە ناو گوتانەی كە لە هزرداو لە خەیاڵدا ئەوی دیكە پێدیاری دەكا. هەروەها لەو رێگایەشەوە پێوەندی خودی خۆیو هۆشیاری خۆی بەرانبەر بەوی دیكە دەردەبڕێت"10 توێژینەوەكان لە مەڕ رۆژهەڵاتناسی لە لایەن ئیدوارد سەعیدەوە بەكەڵك وەرگرتن لە تێرامانەكانی فۆكۆو گرامشی، رۆژهەڵاتناسی رەخنەیەكی كاریگەربوو بۆ ئەو دەقە رۆژئاواییانەی بە درێژایی مێژوو نووسرابوو. كە لە روانگەی سەعیدەوە"رۆژهەڵاتناسی ـ گوتاری(گفتمان) رۆژئاوایی لە بارەی رۆژهەڵاتەوە ـ لە روانگەی مێژوویییەوە كردارێكی روخێنەرانەی درێژەدارە"11كەوابوو رۆژهەڵاتناسی لە روانگەی مێژوییەوە دو ئامانجی هەیە: ئەكەم ئەوە كە كۆلۆنیالیزم(پاوانخوازی)و فرەخوازی وڵاتانی رۆژئاوایی بووە، كە وەك پرۆژەیەك بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەسەر رۆژهەڵات كەوتۆتە گەڕ. دوهەم: بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو سەرقاڵی قەناعەت پێهێنانی خەڵكانی رۆژهەڵات بووە كە شارستانییەتی رۆژئاوایی شارستانییەتێكی جیهانیەو لەسەروی هەموو شارستانییەتەكانەوەیە.
"برایان ترنر"دەنوسێ:" بەشی سەرەكی رەخنەی رۆژهەڵاتیلەسەر ئەم مژارەیە كە ناسكاری (سوژە) رۆژهەڵاتی تایبەتمەندییەكی زانستی ـ كۆمەڵایەتییە كە رۆژهەڵات بە شێوەیەكی كردارێكی جیاواز، پێكهێناوە. واتە:
رۆژهەڵات: راوەستاو ← نائاوەزمەند ← دواكەوتوو ← دیكتاتۆریەت
رۆژئاوا: گۆڕانخواز ← ئاوەزمەند ← گەشەسەندوو ← دیموكراتیك
"و.گ.كرنان" رۆژهەڵاتناس دەڵێ:"خەیاڵی كۆمەڵێك رۆژئاوایی لەسەر رۆژهەڵات"12و هەروەها خاتوو هنداستانوپ لە بارەی رۆژهەڵاتەوە دەڵێ: "رۆژهەڵات كیانی خەیاڵەكانی منە"13، لە كاتێكدا میشێل فۆكۆ دەڵێ: "هەموو ئەزموونە مەزنەكانی "فلوبر" كتێبی خەیاڵی منەو شانۆیەك لە بەرامبەر روانینی قووڵی تاكی گۆشەگیری دەڕوانن، رێكخراوەو لە نێو دەقە رۆژئاواییەكانو هەڵسەنگاندنەكاندا دەردەكەوێ كە رۆژهەڵات لە ئەدەبیاتی رۆژهڵاتناسی دیاردەیەكی دوور لە راستییەو رۆژهەڵاتناسی لە شێوازێكی خەیاڵیدا وێنا دەكەن"14. بۆیە ئەم تێڕوانینەش بە جۆرێك دەچێتە فۆرمی "رۆژهەڵاتناسیی خەیاڵییەوە".
رۆژهەڵاتناسی فەڕانسەوی دەڵێ:"رۆژهەڵاتی ئیسلامی هەردەم خێڵەكیو رۆحانین، سەر بە رەگەزی ئاری نینو لە یەكتاییشدا ریشەیان داكوتاوە"15 واتە رۆژهەڵات لە چوارچێوەیەكی دوگمو داخراودا ماوەتەوەو رۆژهەڵاتناسیش پرۆسەیەكی دەرونشیكاری رۆژهەڵات لە لایەن رۆژئاواییە.
رۆژئاوا ← سیكۆلاریزم ← تاك تەوەرەیی
رۆژهەڵات← میتافیزیك ← سۆفیگەری
"ماكسیم رۆدسۆن" دەڵێ:" رۆژهەڵاتناسی مەعریفەیەو هەم ئیدۆلۆژی یەكەمیان دەشێ راست بێ یان چەوت، بەڵام هەردووكیان خراپەیەكی رەها نیە. هەروەها ئەو رێبازانەی كە لەسەر بنچینەی گوتاری رۆژهەڵاتناسی پێك دێنێ، جا چ پەیوەست بێ چییەتی چین یان نەتەوە یان گەل، ئەمانە رێبازی ئایدیالیستینو دوورن لە تێڕٍوانینی زانستییەوە"16.
"ماكدۆنالد" رۆژهەڵاتناس دەڵی: "ئەو جیاوازییەی كە عەقڵی رۆژهەڵاتی لە رۆژئاوایی جیا دەكاتەوە نە هەر تەنیا خێرایی باوەڕكردن بە شتە نادیارەكانە، بەڵكو عەقڵی رۆژهەڵاتی ناتوانێت سیستمێك بۆ ئەو شتانەی سروشت دابنێ كە بەچاو دەیانبینی"17 ئیدوارسەعید میتۆدێكی رۆژهەڵاتناسی بۆ وێناكردنی رۆژئاوا وەك رۆژهەڵات خەریك دەكاو چڕی دەكاتەوە، رۆژهەڵاتو رۆژئاوا دوو تەوەری دژبەیەكدی پێناسە دەكاو ئەو كەمتەر خەمییەی لەهەمبەر رۆژهەڵاتەوە، بنیاتنانی سەروەریی رۆژئاواییە.
رۆژهەڵات: نائاوەزمەندی ← دیكتاتۆریەت ← نەریتی
رۆژئاوا: ئاوەزمەندی ← خەڵكسالاری ← مودێڕن
ئەم تێڕوانینە كاكڵەی سەروەریی تێڕوانینی سەروەرییانەی رۆژئاواییە لە مەڕ رۆژهەڵات.
گوتاری رۆژهەڵاتناسی هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی رێنسانس، كە مودێرَنیزم وەك شارستانیەتی رۆژئاوا دەركەوت، لەو كاتەدا بوو رۆژهەڵاتو ژیارەكانی رۆژهەڵاتی، شارستانییەتێكی هیلاكو پڕوكاو بوو، بۆیە سەرلەنوێ لە لایەن رۆژئاواوە پرۆسەی كۆنو مێژووی رۆژهەڵاتناسی دەكەوێتەوە گەڕو لە لایەن رۆژئاواوە بە كردنەوەی قوتابخانەكان ئەو ناتەواوییە لە مێژووی كۆندا زیندوو دەكاتەوە. لێرەدایە وشەی رۆژهەڵاتناسی(orientalism) لە بەرامبەر رۆژئاواناسی (occidentism) رادەوەستێو رۆژهەڵاتناسیو رۆژهەڵاتخوازی دەبێتە بنەمافكرییەكانی شارستانییەتی رۆژهەڵاتیو كەلتووری نەتەوەكانی كۆنو نوێی رۆژهەڵات، رێنسانسو مودێڕنیزم دەبێتە بنەماو ژێرخانی بیری یونانی كۆنو دنیای ئەوڕۆكەی رۆژئاوایی. بۆیە لێرەدا بە لەبەر چاوگرتنی ئەم رۆەتە مێژوویە لە درێژایە مێژوو، رەوتی رۆژهەڵاتناسی لە دوو شەپۆلی گەورەی مێژوودا پولین بەندی بكەین:
یەكەم: رۆژهەڵاتناسی كلاسیك (سامیناسی، ئاشووریناسی، زمانناسی، كەوناراناسی(باستان شناسی)و...)
دووهەم: رۆژهەڵاتناسی مودێڕن (كولتوورناسی، زمانناسی، ئیسلامناسی، ئێران ناسی، كوردناسی، ...)
شەپۆلی یەكەم: 1ـ 1) ـ رۆژهەڵاتناسی كەونارا (باستان)
لە شەپۆلی یەكەمدا، رۆژهەڵاتناسی دەبێتە پرۆسەیەكی مێژوویی و رەوتێك كە وەڵامدەری ئەو پرسیارانەیە لە مێژووی كۆنو میژووی دابڕانی رۆژئاواو رۆژهەڵات ون بووەو هەروەها لە وەڵامدانەوەیان ناتوانێ خۆی بدزێتەوە، بۆیە ئەگەر دیاردەیەك ئاخێزگەكەی لە مێژوودا رەچاو بكرێو مێژوویی كۆن بووبێ بە رچەشكێنی ئەم دیاردەیە، ئەوا رۆژهەڵاتناسی لە پێناسەی مێژووی خۆیدا دیاردەیەكی مێژوویو كۆنە، كە لە لایەن رۆژئاواییەكانەوە لە بەرامبەر رۆژهەڵات بەكارهێنراوە. ئەگەر لاپەڕەكانی مێژووی كۆن هەڵبدەینەوە، دەبینین رۆژهەڵاتناسی لە نێوان ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە پێكدادانە مێژووییەكاندا رووی داوە، ناتوانین بە شێوەیەكی زانستیانەو ئاكادمێك قەڵەم بدەین. لە هەمان كاتدا رۆژهەڵاتناسی لە رەوتی مێژووی كۆندا بە دو قۆناغی گرینگ كە رەنگو بۆی خۆی هەیە، تێدەپەڕێ. ئەم رەوتە لە هێرشی ئەسكەندەر وەك دەستپێكی ئەو پێكدادانە مێژووییە هەتا دەگاتە رێنسانس سەرەتای نوێبوونەوەی رۆژئاواو سەرهەڵدانی ژیاری مودێڕنیزم وەك بناغەی هزرمەندی رۆژئاوا درێژەی هەیە، كە دەبێتە خوڵقاندنی دیاردەی رۆژهەڵاتناسی بۆ پاوان كردنی رۆژهەڵات لە لایەن رۆژئاواوە. واتە پێكدادانی شارستانییەتی یۆنانی كۆن وەك بنەماو پێكهاتەی رۆژئاوایو شارستانییەتی ئایینەكانی رۆژهەڵاتی وەك زەردەشت، بودایی، كونفوسیوسو ...هتاد. لە پێڤاژۆی مێژووی كۆندا، رۆژهەڵاتو رۆژئاوا تووشی دابڕانێكی كولتووریو سیاسیو ئابووری دەبێو تەنیا هۆكاریشی كاریگەرییەكانی ئەو جۆرە ڕامانەیە كە لە نەوەكانیتردا دوپات دەبێتەوەو پەرەدەستێنێ. دووپات بوونەوە لە مێژوودا بە هۆی كاریگەری بیرو هزری نەوەی كۆن لە مێژوو شتێكی تاڕادەیەك كولتووری بووەو مەبەستێكی تاڕادەیەك ئامانجمەند بوە. لە واقێعدا دەتوانین رەچەڵەكی ئەو دیاردانەی كە بوە هۆی دابڕانو ئەو بیركردنەوەیە لە هەمبەر خۆرهەڵات، لە كونو قوژبنەكانی میژووی كۆن بدۆزینەوە. ئیدوارد سەعید بە ئاماژە كردن بە چاخی یونانی كۆن دەیهەوێ بڵێ كە وەك ئەوەی رۆژهەڵاتناسی نەتەنیا بە تەواوی فانتازییایەكی رۆژئاوایی لە رەوتی مێژووا نەبووە، بەڵكوو كۆمەڵێكی خوڵقاندووە كە بۆچوونو تێڕامانەكانیانو میتۆدەكانیان لە ئاستی پراكتیكدا لە رووبەڕوبوونەوە لە گەڵ نەوەكاندا بە شێوەیەكی بەردەوام لەسەری جەغت كراوەو هەوڵی بۆ دراوە. لە واقێعدا مێژوو هەرچەندە كۆنیش بێ دەبێ ئەزموونەكان و خاڵە سەرەكییەكانی ئەو پێوەندییانە لێكبدرێتەوە، دێارە مەبەستی رۆژهەڵاتناسی لێرەدا هەوڵدانێكە بۆ تێگەیشتن لە رۆژهەڵاتو ئەو رۆژئاوایەیی كە رۆژهەڵاتناسی دەكاتە ئامرازی باشتر پاوان كردنی رۆژهەڵات، بۆیە ئەگەر بە باشی لاپەڕەكانی مێژووی كۆنو نوێ وردنەبینەوە ئەوا ئەو رەوتە درێژەی دەبێ.
2ـ 1) قۆناغی یەكەمی رۆژهەڵاتناسی لە نێوان حەكایەتو خەیاڵگەریی رۆژئاوا:
هاوكات لەگەڵ رەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتییو گۆڕانكارییەكانی مێژوو، دروست بوونی ژیارە كۆنەكان لە ناوچەكانی هەر چوار سوچی جیهانەوە، سەرهەڵدانی ژیانی بەكۆمەڵو هەوڵی گەڕانی مرۆڤـ بۆ گەیشتن لە شوێنەكانی سەر گۆی زەوی، بووە هۆی ئەوە كە ژیارەكانیش تێكەڵاو بن. كەواتە ناتوانین بڵێین تێكەڵاوبوونی ژیارەكانو كۆمەڵگا كۆنەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان بە ناسین لەسەر یەكدی ناودێر بكەین، یان رۆژهەڵاتناسی لە چواچێوەی مێژوویەكی كورت كراوەی سەدەی بیستەمو بیستو یەكەم پێناسە بكەین. لە هەمان كاتدا هێندێك بیروڕای جیاواز لەسەر ئەو باوەڕەن كە رۆژهەڵاتناسی دیاردەیەكی هەڵقوڵاوو لە دایكبووی مێژوویی كۆلۆنیالیزمەو پێ لەسەر ئەوە دەگرن كە بەتەواوی مودێرَنەو فڕی بەسەر كۆنەوە نییە، لە لایەكی دیكەوە، هێندێك لەو باوەڕەن كە رۆژهەڵاتناسی رەوتێكی ناتەواوی مێژووی رۆژئاوایە كە لە مێژووی هاوچەرخی رۆژئاوادا سەر لەنوێ ئۆرگانیزەو كاناڵیزە بۆتەوە. كەواتە بۆ تیشك خستنە سەر ئەم دیاردەیەو ئاخێزگەكانی لە مێژووی كۆندا، هەروەها شارستانییەتی رۆژئاوای كۆن لە هەمبەر ئەو دەستەواژەیەدا، چیەو لەكوێ سەری هەڵداوە؟ یان ئەوەی كە رۆژهەڵاتناسی كۆن (كلاسیك) چیە؟
"ژیاری كەونارای یونان، لە سەدەی حەوتەمی زایینی وردە وردە لە رۆژهەڵاتی ئورووپادا سەریهەڵدا، ژیارێك كە لەسەر بنەمای سیستمی پۆلیس كە لە ئارمان شاری یونانەوە، سەرچاوە دەگرێ، پۆلیسەكان لە واقێعدا، دەوڵەت ـ شارەكانی یۆنان بوون كە هەركام دەسەڵاتی سەربەخۆو خودموختاریان هەبوو، بەڵام لە كاتی هێرشی داگیركەران ئەم پۆلیسانە دەبوونە پشتیوانی یەكدی بۆ بەرگری لە زێدو نیشتمانی یونانی كۆن، لە لایەكی دیكەوە یونان وەك بنەماو ژێرخانی فەلسەفەو هزری رۆژئاوایی، بەرهەمی تێكشكاندنی نۆرمە كۆنەكانو دامەزراندنی سیستمی دێموكراسی لە لایەن فەیلەسوفانی ئەوكات بوو كە بووە هۆی ئەوە كە رۆژئاوا ببێتە ناوەندی بەهێزی خودئاگایی مرۆڤ. مێژوونوس هێردۆت( 484ـ 425 پ.ز) و یەكێ لە فەیلەسووفەكانی یۆنانی كۆن ئەرەستوو (384ـ 322 پ.ز) لەم چاخەدا دەرورێكی سەرەكیی دەبیننو دەبنە تیۆرسیەنو بنەما داڕێژی رۆژئاوا. لەدەرو بەری ئەم دەوڵەت شارانە هێندیك لە بێگانەكانی ناوچەكانی تر دەهاتنو بە هۆی تێكەڵابوونیان، یۆنانییەكان ئەوانیان بە "بەربەڕ" بانگیان دەكردنو بە مانای غەیرە یۆنانی. لە هەمان كاتدا گەشتیارە كانی رۆژئاوای كە ناوەندی ئەم گەڕیدانە(جهانگردان) یۆنانی كۆن بوو كە بۆ ناسینو تێگەیشتن لە دنیای دەروەی یۆنان دەكەوتنە گەڕانو بە دوای كولتوورەكان دەگەڕان"19. بەریان (گرایش) بۆ ناسینی رۆژهەڵات لێرەوە دەبێتە فانتازییایەكی نامۆ كە وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەكاتە سیمای سەیرو سەمەرەو هەوڵی ناسینی ئەو ژیارانەیە. بۆ نموونە گەڕاڵی مێژوونووسی بە ناوبانگ هێرۆدۆت گرینگییەكی تایبەتیی لە مێژووی كارەساتەكان، روداوەكان،... وەك خۆی، لە میژووی مرۆڤایەتیدا هەیە.
روانگەیەكی دیكە كە لە رۆژهەڵاتناسی كۆندا كاریگەری لە سەر بیرو هزری نەوەكانی دوای خۆیو بیری رۆژئاوا داناوە فەیلسووفی یۆنانی ئەرەستووە، روانگەی ئەرەستوو بە ئەندێشەی مرۆڤناسی لە داوێنی ئەودا كە لە یۆنانی كۆندا شێوەیەكی سەروەری هەیە: " بەربەڕەكان( كەسانێك كە ناتوانن بە یۆنانی قسە بكەن)و ئەو بەڕبەڕانەی كە دەوڵەتگەلێكی گەورەیان پێكهێناوە، هەروەكوو ئێرانییەكان، لە راستییدا كۆیلەگەلێكن كە ناتوانن لە باتی بارودۆخی كۆیلەتی گشتیو چوارچێوە داڕێژراو، ژیان دەكەن"20. ئەم روانگەیەی ئەرەستوو بۆ سیستمی گشتی كۆمەلایەتیی ئێران، چاولێگەری لە سیستمی دەسەڵاتی سەرەڕۆیی ئێرانە. لە روانگەی ئەو بیرمەندەوە، وڵاتێكە كە تەواوی خەڵكەكەی كۆیلەنو جیا لە ئاغا یان پاشایەك ئیدی كەسێكیان نیە. بۆیە لێرەدا هۆكاری ئەم تێگەیشتنە لە رۆژهەڵات نەوەكانی دیكە دێنێتە گۆڕەپانی ئەو پرۆسەوەو لە بیروهزری فەیلەسووفەكانی دیكە لە مێژووی سەدەكانی ناوەڕاست، رێنسانسو دواتر سەدەی بیستەمو بیستو یەكەم گرێدراوەو بۆتە ناوەقەی هزری رۆژئاوا. هەڵبەت ئەو جیاوازییانەی كە لە مێژوودا هەبووەو بەڕادەی ئەو جیاوازییانە لەگەڵ یەكتردا، ئەم شێوازە لە پرۆسەی رۆژهەڵاتناسی فۆرم دەگرێو خۆی دەخاتە بیچمێكی تێگەیشتنەوە. بۆ ئەو مەبەستەش نموونەیەك هەیە كە لە " شانۆنامەی "بارسیان" بەرهەمی "ئاشیلوس" دەست پێدەكات لەو شانۆیەدا ئاشیلوس روداوێك دێنێتە سەرشانۆ كە لەوەدا ئێرانییەكان لەكاتێكدا دەزانن كە سوپای ئێران بە ڕێبەرایەتیی " خەشایارشا" لە شەڕ لەگەڵ یۆنانییەكان شكست دەخواتو هەست بە بەدبەختیو چەرمەسەری دەكاو دەستەی كۆڕ ئەم قەسیدەیە دەخوێنن:
و اكنون تمام سرزمین آسیا
نالە میكند كە خالی است
آه، آه، خشایار بە پیش راند
نقشەهای خشایار در زمین و دریا
همگی نقش بر آب شدند
پس چار بر سپاهیان داریوش بزرگ
گزندی وارد نیامد
هنگامی كە آن رهبر دوست داشتنی
كە از مردمان شوش بود
آنها را بە جنگ رهبری كرد"21
لەم قەسیدەیەدا لە رێگەی خەیاڵپەروەری ئورووپاییەوە دەڵێو پێناسەی دەكا. ئەو سیفەتانەی كە بۆ رۆژهەڵات دەڵێ لە جۆرێك لە پێكدادانی ژیارەكان بووەو ئەم رەوتەش هەوەها بەردەوام بووە.
لە قۆناغی یەكەم دا، بە هۆی هێرش كردنە سەر رۆژهەڵات لە لایەن ئەسكەندەری مەقدوونی پێكدانێك لە نێوان دوو ناوەندی شارستانییەتی رۆژئاواو رۆژهەڵات دەست پێدەكاو دەبێتەدەستپێكی پێكدادانەكانو شەڕە خوێناوییەكانو لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی تێكەڵاوبوونو پەرەسەندنی بازرگانییەكان. هاتنی ئەسكەندر وەك یەكەمین هێرشی بەرچاوو كاریگەر لە رەوتی مێژوودا، دەتوانیین وەك تاقە پێكدادانێك كە بووە هۆی خوڵقاندنی بیری رۆژهەڵاتناسی لە لایەن رۆژئاواوە. رەنگە مێژوو گەلێك پێكدادانو تێكەڵاو بوونی هەبوبێو زۆر لە هاتنی ئەسكەندەریش دەوری خۆی هەبێ، بەڵام وەك ئەوەی باسی لێوە كرابێ (جواهر لعل نەهرو) لە كتێبە بەناوبانگەكەی خۆیدا "چاوخشاندنێك بەسەر مێژووی جیهاندا( نگاهی بە تاریخ جهان)" دەنووسێ: " كاریگەری هێرشی ئەسكەندەر بۆ رۆژهەڵات و ئەو پێكدادانە نوێیانە، بوو كە لە نێوان رۆژهەڵاتو رۆژئاوا، هاتە ئاراوە. ژمارەیەكی زۆر لە یۆنانییەكان هاتنە رۆژهەڵاتو لە شارە كۆنەكانی رۆژهەڵات نیشتەجێ بوون یان كۆچبەرانو كۆچبەری نوێیان لێكەوتەوە. تەنانەت تەواوی بازرگانی نێوان رۆژهەڵاتو رۆژئاوا بوونی هەبووو بەڵام دوابەدوای ئەمە بووە هۆی پەرەسەندنی ئەم پێوەندییانە"22.
رۆژهەڵاتناسی سەردەمی كەونارا دەتوانین لە چوارچێوەی فانتازیایەكی كۆنو پێكهاتەیەكی كلاسیك وێنا بكەین، واتە خەیاڵێك كە بەناو رووداوەكانو ئەفسانەكانو ئوستوورەكان تێپەڕ دەبێ، هەروەها رۆژهەڵاتناسی چاخی كۆن جۆرێك لە پڕشوبڵاوی نێوان رۆژهەڵاتناسی بووە كە دەتوانیین تەنیا لە چوارچێوەی سیاحەتنامەو بیرەوەری ببینین. بۆیە تێڕوانیمان لە كلاسیكی ئەو رەوتەیە كە دەبێتە رێبازێكی ناتەواوو چاوگەی بیرێكی سەقەت كە لە لایەن نەوەكانی دوای خۆی پێدەگاو گەشەدەكا.
3ـ1) سەدەكانی ناڤینو پەرەسەندنی گوتاری رۆژهەڵاتناسی:
سەدەكانی ناوەڕاست ناسراو بە سەدەتاریكەكانی مێژوو، دەورەیەكی گرینكی مێژوویی لە پرۆسەی رۆژهەڵاتناسی هەبووەو كاریگەرییەكی زۆری لەسەر رەوتی دابڕٍانی رۆژئاواو رۆژهەڵات داناوە. بڵاوبوونەوەی ئاینی مەسیحیەت لە ساڵی (380ی زایینی)یەوەو سەرهەڵدانی ئیسلام لە سەدەی 6ی زاینییەوەو پێكدادانی دوو ئایینی ئیسلامو مەسیحیەتو پێكهاتنی شەڕی خاچپەرستان لەسەدەی 11 بووە هۆی ئەوە كە بڵێین:" رەگی بزاڤی رۆژهەڵاتناسی لە سەدەكانی نێوەڕاستەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی خاچەكان هاتە كایەوەو بەو هۆیەوە رۆژهەڵات لەو سەردەمەدا بوو بە مایەی بایەخدان لە لای رۆژئاوای مەسیحیەتەوە"23 ئەم دەورەیە لە رۆژهەڵاتناسی بە گیرانی "ئەندولوس"، دوڕگەكانی دەریای مەدیتەرانەو باشووری ئیتالیا بە دەستی موسڵمانەكان ـ كە بووە هۆی پێشكەوتوویو گەشەكردنی ئیسلام لەو دەورەیەداو بە دەورەی" تەڵایی" ئیسلام ناسێندرا ـ24 دەستی پێكردو تا نیوەی سەدەی هەژدەهەم درێژەی هەبوو. گەشە كردنی بەرچاوی دنیای ئیسلام لە جیهانداو پەرەسەندنی بەرەو رۆژئاواو هەستكردنی كەلیسا بە رەوتی گەشەكردنی ئیسلام، لە بارودۆخێكی ئاوەها هەستیاردا كە، لاوەكانی مەسێحییەت بەروە ئیسلام سەرەنجڕاكێش دەبوونو كەلیسا هەستی بە مەترسی كرد بۆ پێشگیری لەو رەوتە دوو كاری سەرەكیی كرد:
4 ـ1) پێشگیری لە كۆچی كۆمەڵگای مەسیحییەت بۆ جیهانی ئیسلامی.
كۆچی بەكۆمەڵی گەشتیارەكانی ئورووپای بۆ وڵاتانی ئیسلامی یەكێكە لەو دیاردانە بوو كە كۆمەڵگای رۆژئاوایی بەروەو ڕوویی بوو. كەلیساكان لەبەرامبەر ئەو شەپۆلە لە كۆچ، تووشی زۆر گرفتی ئەوتۆ هاتن. وەك ئەوەی زۆربەی سەیاحەكان، بازرگانەكانو...هتد روویان كردە وڵاتانی رۆژهەڵاتو دواتر لەگەڵ رۆژهەڵاتدا تێكەڵاو بوونو جیاوازییەكانو باشییەكانی بەسەر كەلیسادا بەرزدەنرخاند. سەرەكییترین هۆكاری دابڕانی رۆژئاواو رۆژهەڵات لەم دەورەیەدا بوو. .لەو پێوەندییەدا "گوستاولوبوون"ی فەڕانسەوی لە كتێبە بەناوبانگەكەی خۆیدا بە ناو "شارستانییەتی ئیسلامو عەرەب" ئەم جیاوازییانە نێوان جیهانی ئسلامو مەسیحییەت بە شێوەیەك هێناویەتە بەرباسو نووسین، ئەو دەنووسێ كە :" درووست لە كاتێكدا كە دنیای رۆژئاوا لە دەمارگرژییەكی وشكی كەلیسا لە رەنجو نارەحەتی دابوو، موسڵمانەكان، بە تەواوی بەرەوە شوێنە فەرهەنگییەكان هاتن بە تایبەت یونانی و لەگەڵ وەرگێرَانی ئەو بەرهەمانە بە زمانی عەرەبی، رێگەی پێكهێنای شارستانییەتی و پێشكەوتنیان درێژەدار بوونو فێربوون"25. بۆیە بەكەڵك وەرگرتن لە هەستی ئایینیو رێگەخۆشكردن بۆ بەرزكردنەوزەی جیاوازییەكانی رۆژهەڵاتو رۆژئاوا، كەلیسا توانی رۆڵێكی بەرچاو لە پێوەندی لەگەڵ دیاردەی كۆچو وەرگرتنی فەهەنگی ئیسلامی بگێرێو ئەم هەنگاوەش لە رێگەی ناردنی گەڕیدەكان بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتیو وەرگرتنی زانیاری لە سەر كولتوورو ناسنامەی رۆژهەڵاتیو خاڵە لاوازەكانی بوو، كەبەم شێوەیە وردە وردە هێژموونی رۆژئاوا دەكەوێتەگەڕو پراكتیكەوەو لە نێو پرۆسەیەكی خاوەن گەڵاڵەیەكی دیاریكرا بە واتایەكی دی رۆژهەڵاتناسی دەبێتە پرۆسەیەك بۆ هێژموونی رۆژئاوا بەسەر رۆژهەڵات.
5 ـ 1) هەوڵدان بۆ لاواز كردنی ئیسلام، وەك تاقە شارستانییەتێكی رۆژهەڵاتیو كاریگەر لەسەر كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی:
یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی كەلیسا لە سەدەكانی نێوەڕاست لە بەرامبەر هێرشو پەلاماری ئیسلام بەكاری هێناو بە مەبەستی لەمپەرێك لە بەرامبەر هرووژمی كولتووری ئیسلام بۆ نێو رۆژئاوا، كردنەوەی قوتابخانەكان بوو كە لەوێدا سەرەكییترین ئەركیان فێربوونی زمانو ناردنیان بۆ نێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی. لەم دەوریەیەدا كەلیسا، لە كردنەوەی "ئەنجوومەنە مەسێحییەكان" كە لە "وین" پێكهات، بەپێی پێشنیاری "رێمون لوول" بڕیار درا كە لە شارە گەورەكانی وەك پاریس، ئەكسفۆرد، سالامانكەو شارەكانی دیكە، سەكۆكانی زمانی عەرەبی، عیبری، یونانی، فارسیو...بكرێتەوە. رێمون لوول لەو باوەڕەدا بوو كە لەگەڵ ناسینی زمانی عەرەبی بە ئاسانی دەتوانی لە نێوان عەرەبەكان نفووز بكەیتو ئەوان بەروەو مەسێحییەت رابَكێشی26.
بەو هۆیەوە لە ساڵەكانی كۆتایی سەدەكانی ناوەڕاست، یەكەمین هەوڵدان بۆ پێكهێنانی ناسینێكی تەواو میكانیزەو تەكووز(منڤم) و بەردەوام هاتە ئاراوە، بڵام هێشتا رۆژئاوا بەوشێوەیە كە ئیستا هەیە رۆژئاوا نەبوو، بەو مانایە لێهاتووی پێویست بۆ هێرش بۆ سەر رۆژهەڵاتو غەیری ئورووپایی نەبوو. بەڵام وەك ئەوەی دەبینین بە سەركەوتنی شۆڕشی پیشەسازیو نێزیك بە سەدەی 19ی زایینی، ئەم دەورانە نوێیەو ئەو گوژمە نوێیە لە ئورووپاوە بۆ داگیركردن دێتە ئاراوەو پرۆسەی رۆژهەڵاتناسی لە داوێنی كلۆنیالیزم درێژە دەدرێو ئورووپاییەكان لە داگیركردنی رۆژهەڵاتو بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئافریقا، بە توێژینەوەو خوێندنەوەی چاوگەكانی رۆژهەڵات پێویستیان زۆر پەیدا كردو بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان كەوتنە هەوڵو تێكۆشان27.
6ـ1) سەدەكانی ناڤین لە ناوەقەی هیژموونی ئایینی لە پرۆسەی رۆژهەڵاتناسی
ئەگەر رۆژهەڵاتناسی سەدەكانی ناوەڕاست بخەینەبەرباسو لێكۆڵینەوە، دەبینین كە ئایین رۆلێكی سەرەكیی لەم پرۆسەیەدا دەبینێو تا رادەیەكی زۆریش بە شێوەیەكی رادیكاڵانە دەجوڵێتەوە كە دەبێتە هۆی پێكدادانو شەڕێكی خوێناویش. دەتوانین بلێین لەزۆر شوێنەوە كە روانینی ئیسلام بۆ رۆژئاواو روانینی رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات، روانینێكی پراگماتیستانەو هێرشبەرانە بووە. كەوابوو هەریەكەو بۆ بەلاڕێدابردنی ئەوی دی هەوڵی داوە. لەپاڵ ئەمەشدا رۆژهەڵاتناسی وەك دیاردەیەك دەكەوێتە نێو تەنگەژەی ئایینیو لەبەرامبەریدا رۆژئاواناسی یان باشتر بڵێین مەسیحییەت ناسی رادەوەستێتو شارستانییەتەكانی دیكەو ئایینەكانی دیكە ڕۆڵێكی وەها لەم پرۆسەیەدا نابینن. لە راستیدا سەدەكانی نێوەڕاست، سەدەی پێكدادانی ئاینی رۆژهەڵاتو رۆژئاوا ـ ئاینی ئیسلامو مەسیحییەت ـ كەواتە رۆژهەڵاتناسی لەم دەورەیەدا لەسەر بنەمای ئایینو هەڵوێستو بەرنامە ئایینییەكان لەبەرامبەر ئاینی ئیسلام دەردەكەوێو لەگەڕان بەدوای رۆژهەڵاتدایە28.
7ـ1)هاتنی یەهودەكان بۆ نێو بازاڕی رۆژهەڵاتناسی
لە ساڵ 1505 زایینی یەهودییەك بە گەڵاڵەیەك لە پێوەندی هاریكاری هاوبەشی یەهودییەكانو مەسێحییەكان، پێشكەشی پاپ كرد كە لە سێ خاڵ دا باس كرابوو: "داگیر كردنی جیهانی ئیسلام"، " جیاكردنەوەی بیتالمقدس لە موسڵمانەكان" و " داگیركردنی فەلەستین بە دەستی یەهودییەكان". كاتێك پاپ ئەم گەڵاڵەیە پەسەند كرد، دیاردەی رۆژهەڵاتناسی لە لایەن یەهوودیەكانەوە كەوتە گەڕو پراكتیكەوەو دەروازەیەكی نوێ لە لێكۆڵینەوە لە رۆژهەڵاتناسی كرایەوە.29
8ـ 1) رۆژئاوا لە دەرباز بوونی لە سەدەكانی ناڤین
رۆژئاوا لە نوێ كردنەوەی خۆیداو رۆچون بەرەوە رێنسانسو دەرباز بوونی خێرا لە سەدەكانی نێوەڕاست، بناژۆكانی مێژووی خۆی لە هۆكارە مادییەكانی خۆی و لە هەمان كاتدا بنیاتە فیكریەكانی دەوڵەت شارەكانی یۆنانی كۆن، لە دوی دەگەڕێو سەر لە نوێ رۆژئاوا لە گەڵ فەلسەفەی یۆنانی بنیات دەنێتەوەو كە ئەمجارە رێنسانس دەبێتە مەكۆی بیرەنوێكانو شوڕشێكی گەورەی مرۆڤایەتی، بە گوژمو گوڕو تینێكی تازەو پێكهاتە شكێنی ئایدیای سەدە ناوەڕاستی دێتە كایەوە. لەم گەڕانەوە بە سەر خویدا بە تایبەت مەسێحیەت، ڕواڵەتێكی نوێ كە هاوڕەنگو پێشەنگی زانستو مەعریفەی نوێی رۆژئاوایە، سەرهەڵ ئەدا. رێنسانس كە بە پێشەنگی بنیاتنەری ئایینی پرۆتستان، مارتین لۆتێر دەست پێدەكاو ڕواڵەتێكی نوێ لە كەلیساو لە مەسێحییەت نیشان دەدا. رواڵەتێك كە توانی گۆڕانكارییەكی گەورەی مرۆڤایەتی بخوڵقێنێ. رێنسانس ئەو سەدانەیە كە مرۆڤایەتی نۆژەن دەبێتەوەو رۆژئاواش سەرلەنوێ لە فۆرمو شێوەیەیەكی دیكە خۆی نوێ دەكاتەوە. واتە ئەگەر لە روانگەی مێژووی بڕوانین دەتوانین بڵێین كە رێنسانس بە هەموو دیاردەكانیەوە شارستانییەتی نوێو مودێڕنەو دەستپێكی قۆناغی مودێڕنەیە. لەم نێوەدا رۆژهەڵاتناسی دەكەوێتە قۆناخێكی دیكەوە كە بە تەواوی لە لایەن رۆژئاواوە لە نێو قوتابخانەكانی تایبەت بە رۆژهەڵاتناسی لە لایەن رۆژئاوا دەكرێتەوەو دەكەوێتە بەر لێكۆڵینەوەو توێژینەوەوە.
شەپۆلی دووهەم: رێنسانسو قۆناخی نوێی رۆژهەڵاتناسی
رێنسانس یان ژیانەوە، ئەو قۆناخەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە تایبەت یەكێك لە قۆناغە گرنگەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بوو كە لە مێژووی ئورووپادا رۆڵێكی سەرەكیی بینیو توانی گۆڕانكاریەكی زۆر بێنێتە ئاراوەو سیستمی كۆنو مێژوویو ئایدیای سەدەناوەڕاستی هەڵتەكێنیو بنەماكانی ئۆمانیسم (مرۆڤ تەروەرەیی) بە ئاراستەیەكی نوێو لە گەڵ ئاوەزمەندی زانستیانە داڕێژێتەوە. سەدەكانی ڕێنسانس، سەدەی نۆژەن بوونەوەی كۆمەڵًگاو دەستپیپَكی قۆناغی مودێڕنەی مرۆڤایەتیەو تێكشكاندنی دەسەڵاتی كەلیسا30.
(Renaissance) یان رێنسانس، بزاڤێكی رۆشنگەری بوو كە لە لایەن رۆژئاواوە، دەستپێكی دەورانێك لە شۆڕشەكانی فەرهەنگی ، ئاینی، زانست،...گەشەی كرد. ئەم بزووتنەوە لە سەدەی پازدەهەم دەستی پێكردو هەتا دەورانی نوێی شۆڕشی پیشەسازی بەردەوام بوو. لەبارەی رێنسانسو سەدەكانی سەرهەڵدانی رۆشنگەری، لە رۆژئاواو هزری رۆژئاوایی تەنیا دەتوانین لەچەند قۆناغی هزرمەندانە گەشەی كرد. نێهیلیزم (Nihilism )، خودبنیاتی (Subjectivity)و هاتنە نێو قۆناخێك بە نێو شەپۆلەكانی مودێڕنیتە (Modernity)و مودێڕنیزم (Modernism)، ئەزموونێك بوون كە بوونە هۆكاری گرنگیو پێداگرتن لە جیهانو راڤەی نوێی جیهانو دەروازەیەكی نوێ لە ناسینی جیهان، كە ئاكامەكەی ناسینو شرۆڤەی وڵاتانای رۆژهەڵاتی بوو كە لە سەرەتای رێنسانس دەستپێكو گوژمو تاوی لە سەدەی نۆزدەهەم لەگەڵ كلۆنیالیزم، تێكنۆلۆژی سەدەی بیستەمو گلوبالیسمی هەزارەی سێهەم، رۆژهەڵاتناسی دەبێتە گوتاری كۆڕو كۆمەڵە نێونەتەوەییەكان. "بەم شێوەیە كە بزاڤی رۆژهەڵاتناسی لە ئەنجامی ئەوەكە لە سەدەكانی 19/18دا پەرەسەندنێكی سەیر بەخۆوە دەبینێو لەمبارەیەوە شاعیرێكی فەڕانسەوی لە پێشەكی كتێبەكەی بە ناو "رۆژهەڵاتیانە"دا دەڵێ:لەپشت لێكۆڵینەوەكان لەمەڕ رۆژهەڵات هەنگاوی ئەوتۆیان نەنا ببوو وەك ئەوەی ئێستا ناویەتی، بۆیە لەسەردەمی لویسی چوارەمدا كە مەیلی رێبازی هێلینیست زاڵبوو بەسەر ئەو لێكۆڵینەوانەی كە لەسەر رۆژهەلا ئەنجام دەدران، بەڵام ئەوڕۆكە سەردەری هەرتەنیا بۆ رۆژهەڵاتناسییە" 31
1ـ2) مۆنتسكیۆ، رۆژهەڵاتناسی نوێو بنیاتنەری رۆژهەڵاتناسیی نوێ
مۆنتسكیۆ ئەوەی كە لە بارەی رۆژهەڵاتو بارودۆخی ئیسلام دەڵێ، زۆربەی جەخت كردنێكە لەسەر ئەو سیاحەتننامانەی كە لە رێگەی ناسینی رۆژهەڵاتەوە نووسراون. ئەو باسو خواستانەی كە دەم بە دەم لە نێو كولتووری خەڵكی رۆژهەڵات باوەو، هەروەها هێندێك لەو كتێبانەی كە لە پێوەندییەكانی یۆنانو رۆژهەڵاتەوە نووسراون. رۆحی یاساكان (روح القوانین)ی مۆنتسكیۆ، كتێبێك كە لە لایەن بیرمەندانی رۆژئاواییو رۆژهەڵاتی سەرچاوەیەكی بەنرخ بوو. بۆیە گەلێك باسو مناقشەی سەبارەت بە رۆژهەڵاتو رۆژئاواو فەرهەنگی رۆژهەڵاتی باس دەكا. مۆنتسكیۆ لە كۆتایی بەندی 45 كتێبی 28ی رۆحی یاساكان دەنوسێ:" تۆێژینەوەكان لەسەر یاساكانی فەڕانسە تەواو نیە و ئێستا من وەك ئەو زێڕفرۆشە وام كە بۆ دیتنی ئاسەوارەكانی ئەهرامی میسر بۆ ئەو وڵاتەرۆیشتو تەنیا چاوێك پێداخشاندو بی ئەوەی كە شتێكی دیكەی بینیبێ"32 لە واقێعدا دەتوانین بڵێین كە ئەم وتەیەی مۆنتسكیۆ بە ناڕێك بزانین كە ئاوەها بڕیار دەدا." بە تایبەت لە هەمبەر رۆحی یاساكانی رۆژهەڵات، چونكە ئەو نەتەنیا چاوی بە ئەهرامی میسر نەخشاندوە بەڵكوو بەپێی بۆچوونی كەسانی دیكە پێداگرەو لەو پێوەندییەدا دەتوانین بڵێین كە بینەرانی ئەهرامی میسر یەكجار لە راستییەكانی بەدوور بن، ئەوا دەتوانین بڵێین كە مۆنتسكیۆ دو بەرابەر لە راستیییەكان بە دوورە"33. ئەمە بۆچوونێك بوو كە لە لایەن رۆژهەڵاتییەكانەوە، لەسەر روانگەی مۆنتسكیۆ، سەبارەت بە رۆژهەڵاتو رۆحی یاساكانی رۆژهەڵات باسكراوە. لە سەردەمی مۆنتسكیۆدا، رۆژهەڵات وەك شتێك جادووییو خەیاڵی وابوو، كە ئەویش لە چیرۆكەكانی هەزارویەك شەو (هزارو یك شب) وەك ئەفسانەیەك دەهاتە پێش چاوو وێنا دەكرا.
مۆنتسكیۆ ئەوەی كە لە بارەی رۆژهەڵاتو بارودۆخی ئیسلام دەڵێ، زۆربەی جەخت كردنێكە لەسەر ئەو سیاحەتننامانەی كە لە رێگەی ناسینی رۆژهەڵاتەوە نووسراون. ئەو باسو خواستانەی كە دەم بە دەم لە نێو كولتووری خەڵكی رۆژهەڵات باوەو، هەروەها هێندێك لەو كتێبانەی كە لە پێوەندییەكانی یۆنانو رۆژهەڵاتەوە نووسراون. رۆحی یاساكان (روح القوانین)ی مۆنتسكیۆ، كتێبێك كە لە لایەن بیرمەندانی رۆژئاواییو رۆژهەڵاتی سەرچاوەیەكی بەنرخ بوو. بۆیە گەلێك باسو مناقشەی سەبارەت بە رۆژهەڵاتو رۆژئاواو فەرهەنگی رۆژهەڵاتی باس دەكا. مۆنتسكیۆ لە كۆتایی بەندی 45 كتێبی 28ی رۆحی یاساكان دەنوسێ:" تۆێژینەوەكان لەسەر یاساكانی فەڕانسە تەواو نیە و ئێستا من وەك ئەو زێڕفرۆشە وام كە بۆ دیتنی ئاسەوارەكانی ئەهرامی میسر بۆ ئەو وڵاتەرۆیشتو تەنیا چاوێك پێداخشاندو بی ئەوەی كە شتێكی دیكەی بینیبێ"32 لە واقێعدا دەتوانین بڵێین كە ئەم وتەیەی مۆنتسكیۆ بە ناڕێك بزانین كە ئاوەها بڕیار دەدا." بە تایبەت لە هەمبەر رۆحی یاساكانی رۆژهەڵات، چونكە ئەو نەتەنیا چاوی بە ئەهرامی میسر نەخشاندوە بەڵكوو بەپێی بۆچوونی كەسانی دیكە پێداگرەو لەو پێوەندییەدا دەتوانین بڵێین كە بینەرانی ئەهرامی میسر یەكجار لە راستییەكانی بەدوور بن، ئەوا دەتوانین بڵێین كە مۆنتسكیۆ دو بەرابەر لە راستیییەكان بە دوورە"33. ئەمە بۆچوونێك بوو كە لە لایەن رۆژهەڵاتییەكانەوە، لەسەر روانگەی مۆنتسكیۆ، سەبارەت بە رۆژهەڵاتو رۆحی یاساكانی رۆژهەڵات باسكراوە. لە سەردەمی مۆنتسكیۆدا، رۆژهەڵات وەك شتێك جادووییو خەیاڵی وابوو، كە ئەویش لە چیرۆكەكانی هەزارویەك شەو (هزارو یك شب) وەك ئەفسانەیەك دەهاتە پێش چاوو وێنا دەكرا.
3ـ2) تێڕامانی دیكتاتۆریی رۆژهەڵاتی
یەكێك لەو تێڕامانە فیكرییانەی كە مێژوونووسانو گەڕیدەكانی رۆژئاوایی لە سەرەتاوەو لە نوسینەكانیاندا باسیان لێوە كردوە، تێڕامانی دیكتاتۆریەتو سەرەڕۆیی رۆژهەڵاتییە كە بەردەام كاریگەری لەسەر رۆژئاوا داناوە. تیۆریەك كە لە سەدەی رۆشنگەریدا دەركەوتەكانی هەبووەو بە شێوەی تێڕامانێكی هزری ویت فوگوڵ لە توێژینەوەكانی رۆژهەڵاتناسی كەوتۆتە بەرچاو. تیۆری دیكتاتۆریەتی رۆژهەڵاتی، بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییانە فكرییەی رۆژئاوا لە رێنسانسو پێگرتنی لە سەدەی هەژدەهەم. لە كاتێكدا كە ئورووپا پێدەنێتە گۆڕانو گۆڕانخوازیو رۆژهەڵات بەرە دواوە دكشێتەوە، شارستانیەتە رۆژهەڵاتییەكان لە گرنگی دەكەونو هەوڵی پێویست بۆ نۆژەن كردنەوە نادەنو گەڕانەوە بۆ بنەما سوننەتییەكان بە تایبەت سوننەتەكانی ئاینی یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی تیۆری دیكتاتۆریەتی رۆژهەڵاتییەو بەو واتایە كە رۆژئاوا دەبێتە مەكتەبی تاك تەوەرەییو رۆژهەڵات سوننەتیو عەشیرەیی یان بڵێین ئایینخوازی بونیادگەرییانە. لە كاتێكدا كە تیۆریی دیكتاتۆریەتی رۆژهەڵاتی دەبێتە سەرچاوەی ژیاری رۆژهەڵاتو یەكێ لە بنەما كولتووریو نەریتی لەسەر رۆژهەڵاتو یاساكانی رۆژهەڵاتی، ئەو هزرە دەخاتە نێو گوتارەی رۆژهەڵاتی كە ئیستبدادی رۆژهەڵاتی بە مانای ترسێنەرو خوڵقاندنی ئەم ترسەو لە لایەكی دیكەوەدیكتاتۆریەتی رۆژئاوایی لەسەر بنەمایی هزرو ئەندیشەی رۆژئاوایییە. كەواتە دەتوانین بڵێین كە ئەم ترسەو خوڵقاندنی ترسیش یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی گوتاری رۆژهەڵاتناسییە كە لە لایەن رۆژهەڵاتناسانی رۆژئاواییەوە خراوەتە بەر لێكۆڵینەوەو راڤەوە. بە گشتی تیۆری ئیستبدادی رۆژهەڵاتی، تێرَامانێكە لە ئیستبدادێك كە هەموو كات بە شێوەیەكی بەرین بەسەر خەڵكانی رۆژهەڵاتی سەپاوە. كۆمەڵگای رۆژهەڵاتی دامەنگیری جۆرێك ترس بووە كە هەست پێدەكرێو دەرونناسانی رۆژئاوایی لەسەر ئەو باوەڕن كە جۆرێك خوڵقاوە كە رۆژهەڵات مرۆڤگەلێكی هەستیارو ناعەقڵانینو هەردەم دیكتاتۆر خوڵقێن بووەو كەمتر باوەڕبەخۆن.
"وڵاتانی ئوروپایی بۆ بەردەوام بوون بە مانەوەی خۆیی ناچار بوو كە پشت ئەستوور بە یاساكان بنو ئەم تایبەتمەندییە بووە هۆی سەرهەڵدانی گوتارەی ئازادیو دادپەروەری لەنێو ئەم كۆمەڵگایەدا، لە حاڵێكدا كە لە ئاسیادا رۆح بەربەڕیەتو كۆیلەتی سەرپشكە"34.
"هەروەها مۆنتسكیۆ لە كتێبی حەڤدەهەم بەشی شەشەمی رۆحی یاساكان دەنووسێ: رۆژهەڵات هەمیشە جێگای ئیمپراتووری گەلی گەورە بووە. لە رۆژئاوادا وەها ئیمپراتوورگەلێك بەدی ناكرێ. كەوابوو دەسەڵاتی سیاسیی لە رۆژهەڵاتدا دەبێ بەردەوام دیكتاتۆرانە بێ. چوونكە ئەگەر كەڵمەی كۆیللەتی بەهێز نەبێ ئەو ئیمپراتوورییەت تووشی لەتبوون دەبێ. ئەمەش دیارە لەگەڵ سروشتی جوغرافیایی وڵاتە رۆژهەڵاتییەكاندا تەبایە"35
"گۆتە" شاعیری بەناوبانگی ئەڵمانی دەڵێ:
دەنگ هەڵبڕینو بڵێین
ئاخۆ ئەوم عەزابە
كە خۆشبەختی زۆرتر لە ئێمە دەهێنێ
دەبێتە هۆی ئازارەكانمان
بۆچی لە حكوومەتی تەیمووردا
ژمارەیەك زۆر لە مرۆڤەكان ئەكوژران. 36
ئەگەر لە روانگەی فەلسەفییەوە بڕوانینە دیكتاتۆریەتی رۆژهەڵاتی دەبینین كە فەیەلەسووفەكان وەك هێگیل، نیچە، ماركس، ئینگلس، كانتو .. تێرامانی خۆیان لەهەمبەر رۆژهەڵاتەوە هەیە، بۆ نموونەهێگێل دەڵێ:" چین ، ئێران، توركیە بە شێوەیەكی هەمەكی (كلی) رۆژهەڵات، سەرزەمینێكی دیكتاتۆریەتە. رۆژهەڵات مەیدانی سەرهەڵدانی خراپترین رێژیمە ستەمكارەكانە". 37 ماكیاویلی لە بەرهەمە بەناوبانگەكەی بە ناو "شهریار"دا دەڵێ:"بەسەر وڵاتانی توركنشیندا تەنیا تاكە كەسێك حكووم دەكاو ئەوانی دیكە كۆیلەن.
4ـ2) كۆلۆنیالیزمو رۆژهەڵاتناسی
كۆلۆنیالیزم، پرۆسەیەكی مێژویییە كە دەستپێكی بۆ سەدەی هەژدەهەم .ز. دەگەڕێتەوە، سەردەمێك كە دەوڵەتەكانی رۆژئاوایی بە ئامانجی دۆزینەوە كەرەسەی خاو لەمەڕ دابینكردنی پێداویستیەكانی كارخانەو كارگە پیشەییو رێكخستنی بازاڕەكانی ئورووپایی بۆ بەرهەمهێانە زۆرە پیشەیییەكانی خۆیان، وڵاتانی نەریتییان خستەبەر هێرشی نیزامییەوە.38
سەرەتای رۆژهەڵاتناسی لە دەورەكانی پێشودا، ئاوێتەیەك لە گوتارێك كە ئاینو كولتوور رۆڵێكی بەرچاوی دەگێڕا، واتە گوتارێك لە نێوان گەمەی ئیسلامو كولتووری رۆژهەڵاتو مەسێحییەتو یەهودییەتی رۆژئاوا. تەوەری سەرەكیی ئەم رەوتە لە توێژینەوە بۆ ناسینو شرۆڤەی رۆژهەڵات، توێژینەوەیەكی تا رادەیەكی ئیدئۆلۆژیو گوتارێكی سووننەتیو شێوەیەك بەرگری لە رۆژهەڵاتو دەس ڕاگرتن بەسەر رۆژهەڵاتدا بوە. بەڵام كاتێك شۆڕشی پیشەسازی سەری هەڵداو گووتاری مودێڕنیزم سەڕهەڵدەدا، كاتێك پیشەسازی بە وزەی ماشێنی هەڵم گەشە دەكا، سەرمایە ئەسپی خۆی لە مەیدانی ناوچەكانی جیهان دەخاتە گەڕ، ئەو كات دەوڵەتە نوێو دەوڵەت ـ نەتەوەكان سەرهەڵدەدەن. پرۆسەیەك كە دەوڵەت پێكدێنێو سیستمی فئۆداڵسالارەكان كەمڕەنگ دەبێتەوەو چینێكی بورژوا لە فۆرمی دەوڵەت درووست دەبیو مەیدانێكی ئاوەڵا بۆ دۆزینەوەی سەرمایە لە بەر خۆیاندا دەبینن. سەرمایە وەك ئەوەی كە ناتوانێ راوەستێ ئەوا هێرش دەباتە سەر ناوچەكانیترو لە پاوانی خۆی دادەنێ. لەم قۆناغەدا ئیستێعمارو كۆلۆنیالیزم، بە تەواوی دەكەوێت نێو گەمەی گوتاری رۆژهەڵاتناسی. سەدەی 18و 19، دیاردەی كۆلۆنیالیزم بە ماناكەی خۆی دەركەوت. وڵاتانی كۆلۆنیال لەم دوو سەدەیەدا، بە دوای پەرەگرتنی ناوچەی داگیركاری خۆیانو لەسەر بنەمای توێژینەوەیەكی چڕوپڕ لەسەر رۆژهەڵات وەك ناوەندێكی بەهێزو كانگای سەرمایە دەكەوێتە گەڕ. لەم روویەوە ئەو هەوڵانەی كە رۆژهەڵاتناسانە بە هۆی ئەو توێژینەوەیە كە كۆلۆنیالیزم ئیدارەی دەكا دەبێتە توێژینەوەیەكی گەورەو ناوەندە بەهێزەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە سەر رۆژهەڵاتو ئەو ناوچانەی دیكە كە لەبەر هێرشی كۆلۆنیالیزمدا بوون. بەو هۆیەوە كە كۆلۆنیالیزم رێگە خۆشكەرو هێڵناسەكان، رۆژهەلاتناسی لە بواری ئابووریی ـ فەرهەنگی ـ سیاسییەوە بوو، كەوابوو بزاڤی رۆژهەڵاتناسی هێژموونی خۆی لە چوارچێوەی سەرمایەو كولتوورو سیاسەتی كۆلۆنیالیزمەوە دەخاتەگەڕ. بەڵام بۆچوونی مارك لەمەڕ رۆڵی كۆلۆنیالیزم لە گۆڕاندنو مودێڕنیزە كردنو توێژینەوەكانی رۆژهەڵاتناسی كۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەكان لەرادەبەدەر ماتریالیستیو پۆزیتڤیستیە.
لە نێوان سەدەی 18و 19، رۆژهەڵاتناسی بە رەوتێكو شێوەیەكی تایبەتی لە لێكۆڵینەوە لە سەر رۆژهەڵات ناودێر دەكرێ. لە كاتێكدا كە نووسەرو لێكۆڵەرە رۆژئاواییەكان لە بە بڵاوكردنەوە كتێبو نووسراوەكانیان لەسەر رۆژهەڵات پێكهێنەری گوتارێك بوون كە توانی لە كۆڕو كۆمەڵە رۆژئاواییەكاندا ناوەندە لێكۆلێنەوەكان دابمەزرێ. ئەوەی كە لەسەر رۆژهەڵات بنووسێت رۆژهەڵاتناس ناگوترێو بەڵكوو رۆژهەڵاتناس یان ئۆریانتالیست كەسێكە كە لەسەر رۆژهەڵات بە شێوەیەكی تایبەت دەكۆڵێتەوەو دەنووسێو بە ئاكامی تایبەتی دەگا. هەر بەم هۆیەشەوەیە كە رۆژهەڵاتناسی دەكەوێتە سەر خانەی گوتاری زانستییانەوە.
لە رۆژهەڵاتناسی سەدەی هەڤدەهەمدا، دووبارە رەنێوهێنان (بازتولید) "فورموولی رۆژهەڵاتناسی" دەبینرێ، بەڵام ئەمجارە شێوازێكە تەواو تایبەتیو زانستیانە كە لە مەڕ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئابووری ـ سیاسی، رۆژئاوایە.39 ئاكامەكانی ئەم توێژینەوەیە، پەرەسەندی گوتاری رۆژهەڵاتناسی لە شێوازی ناوەندەكانی رۆژهەڵاتناسو ئەنیستیتۆكاندا بۆ باشتر ناسینو ئاكادمیك ناساندی رۆژهەڵات بوو. كەوابوو گوتاری رۆژهەڵاتناسی لە لایەن نووسەرانەوە بە كۆمەڵێك كەرەسەی نوێو پێناسەی مودێڕن، دێنە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتناسییەوەو لە پێناسەیەكی كورتدا دەتوانین بڵێین كە دەستپێكی "رۆژهەلاتناسی مودێڕن"ە. لە تێڕوانینێكی گشتیدا دەتوانین بڵێین: تا نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەم دو جۆر رۆژهەڵاتناسی دەتوانین ناوبەرین: یەكەم رۆژهەڵاتناسی ئورووپایی كە پرۆژەیەكی گشتگیر بووە لە لایەن وڵاتانی وەك ئینگلیس، فەڕانسە، پورتەغاڵ، ئاڵمانو...هتد. هەروەها دووهەم رۆژهەڵاتناسی ئەمریكایی كە لە دوایی شەڕی دووهەمی جیهانی هاتە نێو ئەو بازنەوەو پێش لەم رەوتە رۆژهەڵاتناسی ئورووپایی باو بوو.
پێكهێنانی یەكەمین كۆنگرەكانی رۆژهەڵاتناسی
روانگە چڕوپڕەكانی وڵاتانی داگیركەر لەمەڕ رۆژهەڵاتناسی ئەوەی دەخواست كە نێوئاخنی رۆژهەڵات وەك تەوەرێكی كولتووری ـ سیاسی ـ ئابووری بناسرێتو میتۆدێ: هەبێ بۆ كۆكردنەوەو كەڵەكەكردنی ئەو توێژینەوەو روانگە جیاوازانە كە لە لایەن رۆژهەڵاتناسانەوە ئەهاتە گۆڕیو ئاكامەكەی گرتنی كۆنگرەیەكی بەرین لە لایەن رۆژئاواوە بوو. "یەكەمین كۆنگرەی رۆژهەڵاتناسی لە رۆژانی یەكەم تا یازدەهەمی سێپتامبری 1873 لە پارسی پێكهات. بەڕێوەبەری ئەم كۆنگرەیە چینناسێكی ناودار بە ناو "میرژنی" لە دەوڵەمەنەكانی فەڕانسە بوو، لە ئەستۆ گرت"40 لەمە بەدواوە یەكلەداوی یەك كۆنگرەكان لە وڵاتانی دیكەدا دەگیراو رۆژهەڵاتناسی لە شێوازێكی ئاكادمیك پەرەی سەند كە لە سێ قۆناخی جیاواز دا كۆنگرەكان بەڕێوە دەچوون:
ـ لەسەرەتاوە (1873) تا شەڕی جیهانی یەكەم (1914 ـ 1873)
ئەم قۆناخە لە كۆنگرەی پاریسەوە دەست پێدەكاو بە كۆنگرەی "ئاتن" كۆتایی دێ. لەم دەورە 39 ساڵەیەدا 16 كۆنگرە لەمەڕ رۆژهەلاتناسی بەڕێوەچوو كە پاشاكان، پرنسەكان، فراماسۆنەكان، بورژوواكان، وەزیرەكانی كاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەفریقاو ئاسیاو ... لەم كۆنگرەیەدا بەشدار بوون.
ـ لە كۆتای شەڕی جیهانی یەكەم تا دەستپێكی شەڕی جیهانی دووهەم:
ئەم دەورەیە بە كۆنگرەی "ئاكسفۆرد" دەست پێدەكاو لە كۆنگرەی "بروكسل(20)" كۆتایی پێدێ. لەم دەورەیەدا هەۆی روودانی شەڕو ئاڵۆزی نێوان ئورووپا كۆنگرەكان كەوتە دواوەو لەو ماوەیەدا 4 كۆنگرەی پێكهاتو زۆرتر فەراماسۆنەكان تاونیان رۆڵێكی بەرچاوییان هەبێ.
ـ لە كۆتایی شەڕی دوهەمی جیهانیی تا كۆنگرەی 28، (1970 ـ 1948.ز)
ئەم دەورەیە بە كۆنگرەی پاریس (21) دەست پێدەكاو بە كۆنگرەی پاریس (29) كۆتایی دێ. لەم قۆناخەدا زۆر لە توێژینەوكانی فەرهەنگی، مێژوویی، ئانترۆپۆلۆژی (مردمشناسی)و ئابووریو ... هتد هاتە مەیدانەوەو بە شێوەیەكی نوێترەوە رۆژهەڵاتناسی كەوتەگەڕ. كۆتایی ئەم كۆنگرەیە لە لایەن ناوەندەكانەوە، زلهێزەكانەوە، رێكخراوە نێونەتەوەییەكان هاتنە بازاڕی رۆژهەڵاتناسییەوەو زۆر لە توێژینەوەكان بواری: مودێڕنیتە، جیهانیبوون، ئیسلامناسی، كێشەی كورد، كێشەی فەلستینو ئیسرائیل، نەوت،... هاتنە ئاراوە.
جۆرەكانی رۆژهەڵاتناسی هاچەرخ بریتین لە:
1ـ رۆژهەڵاتناسی سەرمایەداری
2ـ رۆژهەڵاتناسی رۆشنگەریخوازی
3ـ رۆژهەڵاتناسی سوسیالیستی
4ـ رۆژهەڵاتناسی پێكهاتەخوازیی(ساختارگرایی)و پێكهاتەشكێنی (ساختارشكنی)
5ـ رۆژهەڵاتناسی پۆست مودێرنیزم
6ـ رۆژهەڵاتناسی كلۆنیالیزمی نوێ
7ـ رۆژهەڵاتناسی ئیسلامخوازیی (اسلامگرایی)
8ـ رۆژهەڵاتناسی رەخنەخوازیی (انتقادگرایی)
9ـ رۆژهەڵاتناسی رەگەزپەرستی
....هتد كە لە پانتای گوتاری رۆژهەڵاتناسیدا هاتۆتە مەیدانی شرۆڤەو لێكۆڵینەوە لە مەڕ رۆژهەڵاتو ژیارەكانی رۆژهەڵات.
باندۆری بەجیهانیبوون لەسەر گوتاری رۆژهەڵاتناسی
بەجیهانیبوون وەك دیاردەیەك كە ئەوڕۆكە رۆنانی هەموو بوارەكانی رامیاری، كولتوور، ئابووریو جڤاكی كۆمەڵگای مرۆییو گرێدانی لە "گوندێكی چووكەی جیهان"یدا، بۆتە مژاری كۆڕو كۆمەڵە نێونەتەوەییەكانو مشتو مڕێكی بەرینی لەسەرەو بۆتە هێزێكی فڕە رەهەندو گۆڕانخواز لە بەستێنەكانی ئەورۆِكەی جیهانداو پرۆسەی رۆژهەڵاتناسیش كەوتۆتە قەیرانەوە. بە سەرنجدان بە تێڕوانینە جیاوازەكان لە بارەی جیهانیبونەوە دێتەبەرباسەوە، هێندێك بە درێژەدەری سیستمی ئێستعماریو هەندێكی دی بە رەوتێكی سروشتیو گۆڕانێك لە پێوندە كۆمەڵایەتی ـ ئابووری ـ كولتووری، رامیارییەكانو هەندێكی دی بە رەوتێكی پێكهێنەر لە پێكهێنانی هەڕەشەكانو هەلو دەرفەتەكانو پێداویستییەكان كە لە بەردەم كۆمەڵگادا دێنەبەر راڤەو تێڕامانەوە. كولتووری كۆمەڵگاكان سەرەتا توانیویەتی گوندێكی خێڵەكی پێكبێنیو دواتر وەك تافلرەكان دەڵێن دوو جۆر لە ژیاریان پێكهێناوە: "ژیاری وەرزێریو ژیاری پیشەسازی، لە ژیاری وەرزێریدا نەتەوەكانو كولتووەكان ماناو واتاكانیان كزو لاواز بوو یان هەر بوونیان نەبوو و شەڕەكان نێوان شازادەكانو شاكانو فئۆداڵەكان بوون، بەڵام بەهاتنەئارای شۆڕشی پیشەسازیو دروستبوونی شارەكان، زاراوەكانی شارنشینیو شارستانییەت هاتنە نێو ئەدەبیاتەوەو تێكەڵاوبوونی كولتووەركان وەك هێمایەك لە جیاوازییەكانو پێشڤەچوونی پیشەسازیو شارنشینی دەركەوت، لێرەدایە كە شەڕەكان زۆرتر نێوان دەوڵەتەكانو نەتەوەكان هاتە ئاراوە"41."بەجیهانیبوون تەنیا رەوتێكی ئابوری ـ رامیاری نیە، بەڵكوو رەوتێكی مەعریفیو شووناسییە كە پرسگرە زەینیئ ئانتالۆژییەكانی مرۆڤ، تووشی گۆڕانو وەرچەرخان كردوە."42
" رونالد رابرتسۆن: جیهانیبوون رەوتێكی كۆمەڵایەتییە كە لەودا چوارچێوە سنووردارەكانی جوغرافییای كە ساباتی بە سەر پێوەندییەكانی كۆمەڵایەتیو فەرهەنگی داكێشاوە، لەنێودەچێو خەڵكیش بەم كەمبوونەوەیە رۆڵێكی ئاگاییان هەیە. جیهانگیری كۆمەڵێكی چڕوپڕ لە رەوتەگەلی جیاواز بەڵام پێوەندیدار بە ئابووری، كولتووری، كۆمەڵایەتیو هەروەها سیاسیو نیزامییەو كە هاوكێشەكانی جڤاكی لە درێژەی دۆخێكی درێژماوەی مێژووییدا لەبەراوردی جیهانیداو شیاوی دەستڕاگەیشتن لە ئاست جیهان گۆڕان پێدەهێنێ." 43 جیهانیبوون دوو دەستپێكی مەزنی هەیە لە دیرۆكی مرۆژایەتییدا هەڵقوڵاوە كە:
ـ ئاخێزگەی لە بنەمافكرییەكانی ئایینی (ئیسلام، مەسێحییەتو ...)
ـ ئاخێزگەی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی
جیهانیبوونو پرۆسەی جیهانگیری سەرچاوەگرتوو لە بناژۆ ئایینییەكانەوە، سەرەتا لە رۆژهەڵاتەوەو دواتر وەك پرۆسەیەكی فراوانخوازیو دەستڕاگرتن بەسەر رۆژهەڵات لەلایەن ئایینی مەسێحییەتیش كەوتە گەڕەوە كە لێرەدایە پرۆژەی رۆژهەڵاتناسی لە سەدەكانی پێش لە ناوەڕاستو دواترو ... تادەگاتە شۆڕشی پیشەسازیو وەگەڕكەوتنی سەرمایە، گوتارێك بوو لە نێوان ملمڵانێو ناسینو راڤەی ئایینیو بنەمافكرییەكانی رۆژهەڵاتناسی سەرچاوە لەم پرۆسەیەوە دەگرێ. ((لە ررانگەی ماركسیستە نوێگراكانەوە وەكوو: "فرانك و والترشتاین" نیشانەكانی بە جیهانی بوون كاتێ دەستی پێكرد كە توخمی سیستیمی جیهانی بەستراو و ئەم مێژووە دەگرێتەوە بۆ 2500 ساڵ بەرلەدایك بوونی مەسیح، و لەراستی دا ئەوان پێنج هەزار ساڵ مێژووی سیستمی جیهانی و بە پێی ئەوە لە 5000 هزار ساڵ لە مێژووی بە جیهانی بوون قسە دەكەن"تیشك. تاقمێكی تر لە بیرمەندان كە خاوەنی روانگەیەكی بە نیسبەت یەكسانن، مێژووی بە جیهانی بوون بە هەمان مێژووی شارستانیەت دادەنێن كە نیزیك بە 1500 ساڵ بەر لە زایین و لەسەردەمی باستان و شارستانیەتی سومرییەكانەوە دەست پێدەكا.44
بۆیە ئەم هزرەجیهانگیریخوازە سەرەتا بە "بینالنهرین"وە بۆ رۆژئاواو لە دەورانی مودێڕنیشدا لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵات.
شۆڕشی پیشەسازیو گوژمی بەهێزی مودێڕنیزم، وەگەڕخستنی سەرمایە، گەڕان بەدوای كەرەسەی خاو، پێكهاتنی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە،...پرۆژەی رۆژهەڵاتناسی نەتەنیا پرۆژەیەك بۆ ناسینی كولتوورو ئایینی رۆژهەڵاتی بوو و لەمپەرێك بۆ هێرشی رۆژهەڵات، كەچی سەرمایەداری هەوڵێكی دەستڕاگەیشتن بەسەر رۆژهەڵات وەك سەرچاوەیەك بۆ پەرەپێدانو گەشسەندنی سەرمایە چاوی لێدەكرا. میراتی شۆِرشی پیشەسازی، نوێبوونەوە، شۆِرشی فەڕانسە، سەرهەڵًدانی چەمكە سیاسیو ئابوورییەكان، كردنەوەی قوتابخانەكانو ناوەندە زانستییەكان لەسەر رۆژهەڵاتناسی، ... لە واقێع دا بنیاتنانەوەی ژیاری رۆژئاوا وەلانانی شارستانسیەتی سوونەتیو سەرهەڵدانی مۆدێڕنیزم. لە نێوئاخنی ئەم باسەدا، گیدێنز دەڵی" بەجیهانیبوون رەوتێكە كە بۆتە هۆیی بەرینتربوونی كەلێنو زیادبوونی بۆشایی نێوان "كات"و "شوێن"دا" یان نووسەرێكیدی دەڵێ ((بە جیهانی بوون كۆمەڵگایەكی رهاو تەواو نیە، بەڵكوو قۆناغێكی نوێیە كە لەگەڵ تایبەتمەندیو گرژیگەلی تایبەت بە خۆی كە وەڵامی مرۆڤایەتی دەوێ.))45
واتە سنوورەكان ناتوانێ پێش بە رەوتی بەجیهانیبوون بگرێو بێئەملاوئەولا خۆی لە هەموو كونو قوژبنەكان دەكوتێو تەواوی كەلێنەكانی جیهان دەتەنێتەوە. رۆژهەڵاتناسی وەك پرۆژەیەك لەمەڕ ناسینی رۆژهەڵاتی و ژیارەكانی رۆژهەڵاتی، تووشی قەیرانێكی ئەوتۆ هاتووە كە لە دووپرسیاردا دەتوانین بڵێین كە:
1ـ جیهانیبوون تا چەند دەتوانێ بەرپرچدانەوەی پرۆژەی پاوانخوازییانەی رۆژئاوایی بێ لەمەڕ رۆژهەڵاتەوە؟
2ـ جیهانیبوون تا چەند دەتوانێ بانۆری ئەرێنی لەسەر رۆژهەڵاتناسی هەبێ؟
"پرۆفسۆر ترنر دەڵێ: بەجیهانیبوون پێویستی بە توێژینەوەی رۆژهەڵاتناسی كەمڕەنگتر كردۆتەوە، لە سەدەی هەفدەهەم بە دواوە رۆژهەڵاتناسی واتایەكی قووڵ لە "ئەوی دی" لە پێوەندی لەگەڵ كولتوورەكانی نامۆ هێنایە بەرباسەوە. لە راستیدا، ئەم واتایەیی "ئەوی دی" بەردی بناخەی پرۆژەی مرۆڤناسی سوننەتی داڕشتووەو رۆژهەڵاتناسانی رۆژئاوایی، جیهانیان لەسەر بنەمای رۆژئاوا و "ئەوی دی" واتە رۆژهەڵات وێنا كردوە"46
لێرەدا لە دوو روانگەی جیاوازەوە مژاری رۆژهەڵاتناسی دێتە ئاراوە كە رۆژئاواییەكان لێیدەكۆڵنەوە. یەكەم رۆژهەڵاتناسی پرۆسەیەكە بۆ ناسین، لێكۆڵینەوە، توێژینەوە لەسەر رۆژهەڵاتو هیچ مەبەستێكی پاوانخوازی تێدا بەدی ناكرێتو ئامانج ناسینی ئەم بەشە لە كولتوورە جیاوازەكانی جیهانە. لێرەدا رۆژهەڵاتناسی لە ئامبازبوونەوەی لەگەڵ بەجیهانیبوون هیچ ناتەباییەكی نیەو دەتوانێ هاوتەریب بە گلوبالیزم بڕواتە پێش. بەڵام لێرەدا ململانێی سوننەتو مودێڕنیتەیە. كە رۆژهەڵات سەرچاوەی سوننەو رۆژئاواش سەرچاوەی مۆدێڕینزم.
روانگەی دی رۆژهەڵاتناسی وەك پر ۆژەیەك دێتە گۆڕەپانەوە كە بەجیهانیبوون دەبێتە لەمپەرو ناتوانێ مەبەستەكانی بپێكێ. كەواتە لێرەدا رۆژهەڵاتناسی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گلوبالیزم تووشی قەیرانێكی ئەوتۆ دەبێو مەبەستەكانی ناتوانێ گەڵاڵە بكاو لە هەمان كاتدا پاوانخوازی ئاخێزگەی لەم بیرەوەیە كە دەستڕاگرتن بەسەر رۆژهەڵات لە توێژینەوەكانیدا ئامانجەكەیەتی.
وەك كۆتایی پەیڤ:
توێژینەوەكانی رۆژهەڵاتناسی لە باری پێكهاتەی مێژووییەوە لە سێ بەستێنی مێژوویدا گۆڕانی بەسەرداهاتووە كە:
1ـ گۆڕانكارییەكانی جیهان لە سەرەتای دیرۆكی رۆژهەڵاتناسی تا بە ئێستا
2ـ گۆڕانی سیستمی جیهانیو سەرهەڵدانی ئیدۆلۆژییەكان
3ـ گوندی جیهانی لە نێواخنی گلوبالیزم
بێگومان هەر پرۆسەیەكی گشتگیری جیهانییو بە تایبەت رۆژهەڵاتناسی، لەسەر ژیاری كورد وەك كۆنترین ژیاری ئەم ناوچەیە، بێكاریگەر نەبوە. بۆیە ژیاری كورد گۆڕەپانی پێكدادانەكانو پێكداچوونە مێژووییەكانی كولتوورەكان بوە، ئەو سەفەرانەی كە گەڕیدەكان بە نێو كوردستاندا هاتوون لە گەزنەفوون بگرە هەتا نووسەرانی هاوچەرخی وەك واسیلی نیكێتین، جاناتان رەندل، كریس كۆچیراو ...، كە لەسەر كوردو كوردستان دەنووسن، گوتاری رۆژهەڵاتناسیو كاریگەرییەكانی لەسەر ژیاری كورد هەڵگری پرسێكی بەرینترەو هەنووكە رۆژهەڵاتناسەكان لەژێرناوی "كوردۆلۆژی (كوردناسی)" كوردستان دەخەنە بەر راڤەو لێكۆڵینەوەوە. ئەگەر مەودا هەبوو لە داهاتوودا كاریگەرییەكانی رۆژهەڵاتناسیو رەوتی مێژوونووسی كورد لای رۆژهەڵاتناسەكانەوە دەخەینە بەر راڤەو لێكدانەوەوە. بۆیە گوتاری رۆژهەڵاتناسی دەرخەری "ئاوەژوو نووسینی" مێژووی كوردو یان "راستەقینە نووسیینی" دیرۆكی كورد، لە ئاخێزگەی ئەم پرۆسەیە هەنووكەیە.
ژێدەر:
1ـ ماڵپەڕی: خبرگزاری گروە دین و اندیشە "مهر"، نقد كتاب "شرق شناسی"
2ـ ماڵپەڕی: نیمروز(www.Nemrooz.com)
3ـ هەمان سەرچاوە
4ـ هەمان سەرچاوە
5ـ هەمان سەرچاوە
6ـ ماڵپەڕی: ماڵپەڕی: خبرگزاری گروە دین و اندیشە "مهر"، نقد كتاب "شرق شناسی"
7ـ هەمان سەرچاوە
8ـ هەمان سەرچاوە
9ـ ماڵپەڕی: www.qodes.org، تأپیر شرق شناسی بر تاریخ معاصر ایران، احمد رهداری
10ـرۆژهەڵاتناسی لە نێوان مەعریفەو ئایدۆلۆژیادا/ عەیاد محەمەد، گۆڤاری سەنتەری برایەتی/ ژمارە 22
11ـ نڤریه و نقد پسامستعمراتی، هانس برتس/ ترجمە: بختیار سجادی، گۆڤاری زرێبار، ژمارەی 56/57.
12ـ هەمان سەرچاوە
13ـ ماڵپەڕی: www.qodes.org، تأپیر شرق شناسی بر تاریخ معاصر ایران، احمد رهداری
14ـ نڤریه و نقد پسامستعمراتی، هانس برتس/ ترجمە: بختیار سجادی، گۆڤاری زرێبار، ژمارەی 56/57.
15ـ هەمان سەرچاوە.
16ـ رۆژهەڵاتناسی لە نێوان مەعریفەو ئایدۆلۆژیادا، عەیاد محەمەد، گۆڤاری سەنتەری برایەتی/ ژمارە 22
18ـ هەمان سەرچاوە.
19ـ تاریخ اندیشە و نڤریههای انسان شناسی، ناصر فكوهی
20ـ هەمان سەرچاوە
21ـ ماڵپەڕی: خبرگزاری گروە دین و اندیشە "مهر"، نقد كتاب "شرق شناسی"
22ـ چاوخشاندنێك بەسەر مێژوی جیهاندا(نگاهی بە تاریخ جهان)، نهرو، جواهرلعل
23 ـ رۆژهەڵاتناسی لە نێوان مەعریفەو ئایدۆلۆژیادا، عەیاد محەمەد، گۆڤاری سەنتەری برایەتی/ ژمارە 22
24ـ چاوخشاندنێك بەسەر مێژوی جیهاندا(نگاهی بە تاریخ جهان)/ نهرو، جواهرلعل
25ـ تاریخ اندیشە و نڤریههای انسان شناسی، ناصر فكوهی
26ـ ماڵپەڕی: www.qodes.org، تأپیر شرق شناسی بر تاریخ معاصر ایران، احمد رهداری
27ـ هەمان سەرچاوە.
28ـ هەمان سەرچاوە.
29ـ هەمان سەرچاوە
30ـ چاوخشاندنێك بەسەر مێژوی جیهاندا(نگاهی بە تاریخ جهان)/ نهرو، جواهرلعل
31ـ رۆژهەڵاتناسی لە نێوان مەعریفەو ئایدۆلۆژیادا، عەیاد محەمەد، گۆڤاری سەنتەری برایەتی/ ژمارە 22
32ـ رۆحی یاساكان(روحاالقوانین)، مۆنتسكیو/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی
33ـ پایگاە رسمی انتشارات "سورە مهر"، نقد كتاب "شرق شناسی"
34ـ رۆحی یاساكان(روحاالقوانین)، مۆنتسكیو/ و: ئیدریس شێخ شەرەفی
35ـ هەمان سەرچاوە.
36ـ گۆڤاری زرێبار/ ژمارەی 55و 56، كورتە مێژووی چەمكی دیكتاتۆرییەت، كارل ویتفۆگل ، و: محمد كریمی.
37ـ هەمان سەرچاوە.
38ـ كولونیالیسم فرهنگی، بهزاد خوشحالی
39ـ تاریخ اندیشە و نڤریههای انسان شناسی، ناصر فكوهی
40ـ ماڵپەڕی: www.qodes.org، تأپیر شرق شناسی بر تاریخ معاصر ایران، احمد رهداری
41ـ ماڵپەڕی رۆنان، فرایند جهانی شدن و ێیندەی فرهنگی ملتها، بەرزان غهفووری
42 ـ سەروتار، عادڵ محەممەدپوور/گۆڤاری زرێبار ژمارەی 55، 83
43ـ ماڵپەڕی رۆنان، فرایند جهانی شدن و ێیندەی فرهنگی ملتها، بەرزان غەفووری
44ـ شرۆڤەی واتای بەجیهانیبوونو كاریگەری لەسەر ناسیونالیزم/ و: شەریف فەلاح، گۆڤاری تیشك/ ژمارەی 18
45ـ ماڵپەڕی رۆنان، فرایند جهانی شدن و ێیندەی فرهنگی ملتها، بەرزان غهفووری
46ـ ماڵپەڕی: www.qodes.org، تأپیر شرق شناسی بر تاریخ معاصر ایران، احمد رهداری